بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە بەیاننامەیێکدا لەبارەی بانگەوازەکەی ۲۷ی شووباتی ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکە رایگەیاند، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نەنراوە.
لە راگەیەندراوێکدا، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویکردەوە، گەلەکەمان و جەماوەری دیموکراتیک باش دەزانن کە ئێمە وەک تەڤگەر و گەل لە ٢٧ـی شووباتدا بە هەموو توانامانەوە پشتیوانیمان لە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کرد و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا هەوڵمانداوە بە دروستی لەم بانگەوازە تێبگەین و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی بکەین.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرەڕای دواکەوتنەکانی حکوومەتی ئاکەپە، ئێمە بەردەوامین لە پاراستنی ئەم هەڵوێستە، چوونکە ئێمە بڕیارێکی جددییمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان ڕاگەیاندووە، هەروەها بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکەین و هەوڵدەدەین نەبینە لایەنێک کە پرۆسەکە هەڵوەشێنێتەوە.
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، شاندی دەم پارتی لێدوانی گەشبینانە دەدات، دەبیستین کە ڕێبەر ئاپۆ هیوای هەیە و درێژە بە کارەکانی دەدات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بانگەوازە لەلایەن حکوومەتەوە نەنراوە، هیوادارین ئەم دۆخە بگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت بە ئازادیی هەوڵ و کارەکانی بەرەو پێش ببات و بتوانێت کۆنگرەی پارتیمان کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، ببەستێت.
Your Comment