هەڵویستی هاوبەشی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دژ بە ئیسرائیل

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبوونەوەیێکی سەبارەت بەوەرگرتنی هەڵوێست بەرامبەر تاوانەکانی کۆمەڵکوژیی رژێمی داگیرکەری زایۆنی دژ بەخەڵکی غەززە، ساز کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: "هەروەک چۆن لە ڕابردوو هەردوولا پشتیوان و هاوسۆز و هاوکار بوون بۆ دۆزی ڕەوای فەلەستین و دانیشتوانی کەرتی غەززە بە ماددی و مەعنەوی هەر لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا کە لە ڕۆژانی داهاتوو زنجیرەیێک چالاکی هاوبەش لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لێژنەی هاوبەشی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبوونەوەیێکی تایبەتی سازکرد سەبارەت بەوەرگرتنی هەڵوێست بەرامبەر تاوانەکانی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی دژ بەخەڵکی غەززە.

بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هێرش و پەلامارەکان بۆسەر کەرتی غەززە درێژەی هەیە و هێزەکانی سوپای داگیرکەریی زایۆنی بەشێوەیێکی بەرنامە بۆداڕێژراو و بە دڕندانەترین شێوە بەردەوامە لە بە ئامانج گرتنی خەڵکی بێ دیفاع و ژن و منداڵ و شوێنە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە و مەڵبەندەکانی پەنابەران و ئاوارەکان و شوێنە ئایینیەکان و هەموو هۆکارێکی ژیان و شارستانیی کەرتی غەززە.

وێڕای سەپاندنی گەمارۆ و قەدەغەکردنی گەشتنی ئاو و خۆراک و دەرمان و هاوکارییە مرۆییەکان مەخابن لەم ماوەیەدا کۆمەڵکوژییەکە پێی ناوەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.

ئێمە وەک هەمیشە وەک ئەرکێکی ئاینی و مرۆیی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەوتاوانە دژ بەمرۆڤایەتیانە دەکەین کە سوپای داگیرکەر ئەنجامی دەدا کە پێشێل کردنی ئاشکرای هەموو یاسا و ڕێسایێکی ئاسمانی و مرۆییە.

هەروەها ئیدانەی ئەو پشتیوانیە دارایی و لۆجستیە دەکەین کە دەوڵەتانی زلهێز داگیرکەری دەکەن، کە بەبێ پشتیوانی ئەوان ناتوانێ ئەو پێشێلکاریە نامرۆڤانانە ئەنجام بدات.

لەڕاستیدا ئەوەی کە لە غەززە ڕوودەدات تەنها شەڕ و کێشەیێکی چەکداری و سیاسی نێوان دوولایەن نییە بەڵکوو گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە کە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیی دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت.

لێرەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەکان بە زووترین کات هەموو جۆرە گوشارێکی پێویست بخەنە کار بۆ ڕاگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە و کردنەوی دەروازەکانی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیێکی فراوان بۆ خەڵکە ئاوارەکە و ڕێگرتن لە پلان و هەوڵەکانی ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتوانەکەی.

ڕاستیێکی حاشاهەڵنەگرە کە بەرنگاربوونەوەی ستەم و بەرگری کردن لە ستەملێکراوان لە هەر نەتەوە و نەژاد و ئایینێک بن ئەرکێکی ئینسانی و ئیسلامی و ئەخلاقیی ئێمەیە وەک خەڵکی کوردستان کە ساڵانێکی زۆر خۆمان گیرۆدەی ستەم و تاوانی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن بووین بۆیە لە هەموولایێک زیاتر هەست بە ئێش و ئازاری لێقەوماوان دەکەین و بەهەموو توانایێک ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانیێکین وەک ئەرکێکی ئیسلامی و ئەخلاقی و ئینسانی و خۆمان بۆ خەڵکی ستەمدیدەی غەززە.

لەو پێناوەدا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هەرچی زووترە سنوورێک دابنێن بۆ ئەو کۆمەڵکوژیی و گەمارۆ زاڵمانە و بەپێی بڕیارەکانی دادگای تاوانەکان و لێبووردنی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی جیددیی دەست پێ بکرێت و ئیجرائاتی پێوێست دەرهەق بە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام بدرێت.

جارێکی تر زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو بێ هەڵوێستی و بێ دەنگییە گوماناوییە دەکەین کە ناگونجێت لەگەڵ بەها و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و داوادەکەین دەست بەجێ کۆتایی بەو مەرگەساتە بهێنرێت کە بەرامبەر خەڵکی بێ دیفاعی غەززە ئەنجام دەدرێت.

هەروەک چۆن لە ڕابردوو هەردوولا پشتیوان و هاوسۆز و هاوکار بوون بۆ دۆزی ڕەوای فەلەستین و دانیشتوانی کەرتی غەززە بەماددی و مەعنەوی هەر لە کۆبوونەوەکەدا بریار درا کە لە ڕۆژانی داهاتوو زنجیرەیێک چالاکی هاوبەش لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت.

 

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان - کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

News ID 225190

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha