بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا، باسمان لە جموجۆڵی داعش کرد، هەروەها بیرۆکەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تاوتوێ کرد.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە و پاشان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: هەڕەشەی هاوبەش بۆ کۆمەڵگەی سووری و عێراقی هەیە، بۆیە دەبێت پێکەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.
ئاماژەی بەوە کرد، پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشمان لەگەڵ بیرۆکەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە تاوتوێ کرد.
جەختی لە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سووریا کردەوە، هاوکات گوتی: ئەزموونی عێراق ڕەنگە سوودی بۆ سوورییەکان هەبێت.
فوئاد حوسێن، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، "برایانمان لە سووریا خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێکی تاکڕەویی کرد". گوتیشی: فەرامۆش کردنی هەر پێکهاتەیەک لە کۆمەڵگە تووڕەیی لێدەکەوێتەوە.
لەبارەی ڕێککەوتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند: پاڵپشتیی لەو ڕێککەوتنەی نێوانیان دەکەم.
سەبارەت بە ڕێکخراوی داعشیش، فوئاد حوسێن، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە عێراق و سووریا هەماهەنگییەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەهێزتر بکەن.
هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەگەر سووریا ناسەقامگیر بێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت. گوتیشی: دیمەشق کاردەکات بۆ سودوەرگرتن لە ئەزموونی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەدا.
لەلای خۆیەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەغدا بە شانازییەوە، یەکڕیزی نێوان سووریا و عێراق دووپات دەکەینەوە؛ زۆر پرس هەن کە یەکمان دەخەن کە زۆر زیاترن لەو پرسانەی لێکمان جیادەکەنەوە. سووریا و عێراق پێکەوە هەڵدەستنەوە و پێکەوە هەنگاو دەنێین بۆ گەشانەوەی وڵاتەکانمان."
شەیبانی گوتی: "پێویستە عێراق و سووریا بە تووندی بوەستنەوە لەبەردەم هەر دەستوەردانێک بۆ نێوخۆی وڵاتەکانمان. ئێمە ئامادەی هاوئاهەنگی کردنین لەگەڵ عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بە درێژایی سنوورەکانمان. تیرۆر سنوورەکان نازانێت و دەبێت هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی چڕتر بکەینەوە."
وەزیری دەرەوەی سووریا بە هەمان شێوە ئارامی عێراق و ئارامی سووریا بە هاوبەش و هاوتەریب پێناسە کرد و گوتی: "عێراق بە تواناوە ئاڵنگارییە قورسەکانی تێپەڕاند و سووریاش هەمان هەوڵ دەدات. جگە لە پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکان، دەبێت پەیوەندیی ئابووری نێوانیشمان بەهێزتر بکەین، چونکە کەرتی ئابووری بنەمایەکی سەرەکی ئەمن و ئاسایشی وڵاتانە. ئێمە دەمانەوێت ئاڵنگارییەکان لابدەین و دەرگە لەبەردەم کۆمپانیا سووریاییەکان بکەینەوە بۆ کارکردن لە عێراقدا."
لەبارەی کار و پەیوەندییە هاوبەش و هەمەجۆرەکانی هەردوو وڵات، ئەسعەد شەیبانی بڕوای وایە کە "هاوبەشی سووریا و عێراق، نەوەک تەنیا سوودی بۆ هاووڵاتییانمان دەبێت، بەڵکو کاریگەری ئەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکەش دەبێت".
Your Comment