بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مارکۆ رۆبیۆ، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ وەزیری دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران لەلایەن لیژنەیەکی ئەو ئەنجوومەنەوە پێش بوونی بە وەزیر، گفتوگۆی لەگەڵ کرا و ژمارەیەک پرسیاری ئاراستە کرا.
رۆبیۆ سەبارەت بە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شەڕی دژی داعش، کرد گوتی : "بەڵێ بەردەوام دەبین. کوردەکان قوربانی زۆریان داوە و یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکشکاندنی داعش، زیاتر لەوەش چەکدارەکانی داعشیان زیندانی کردووە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە."
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە و بە پاڵپشتیکارێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات دادەندرێن، کە لەلایەن کوردەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە ئاگربەستی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان" بپارێزرێت و دەڵێت: "دەبێت رێگە لەوە بگیرێت کە تورکیا ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا بقۆزێتەوە و رێککەوتنەکانی پێشوو پێشێل بکات."
سەبارەت بە چارەنووسی سزاکانی سەر سووریا، رۆبیۆ جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت هەڵبگیرێن، چونکە ئەو حکومەتەی سزاکانی بۆ دانراوە ئێستا لە دەسەڵات نییە. هەروەها دەڵێت: "دەرفەتێکی گرنگ هەیە بۆ سەقامگیرکردنی سووریا، چونکە رووسیا و ئێران لەوێ نەماون. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین، لەوانەیە جارێکی دیکە دەستمان نەکەوێتەوە."
بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا "رابردوویەکی باش"یان نییە و دەڵێت: "ئەو کەسە نوێیانەی لێپرسراویەتییان لە سووریا وەرگرتووە، ناتوانن لە لێکۆڵینەوەکانی ئێف بی ئای دەربازیان بێت و رابردوویان ئەوە نییە کە دڵخۆش و ئاسوودەمان بکات."
رۆبیۆ پێیوایە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوەدایە سووریایەک هەبێت کە "چی دیکە نەبێتە گۆڕەپانی داعش، رێز لە کەمینە ئایینییەکان بگرێت، لە عەلەوییەکانەوە بۆ کریستیانەکان، کوردەکان بپارێزێت و نەبێتە ناوچەیەک کە ئێران بتوانێت لە رێگەیەوە تیرۆرەکەی بڵاوبکاتەوە بۆ حیزبوڵڵا و لوبنان ناسەقامگیر بکات."
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە دۆخی ئێستای سووریا کاریگەریی لەسەر کێشەی غەززە و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، بۆیە پێویستە هەوڵی سەقامگیرکردنی بدرێت.
Your Comment