پزیشکیان: لەگەڵ عێراق ڕوانگەی هاوبەشمان لەسەر ڕووداوەکانی سووریا هەیە

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: هیوادارین لەژێر ڕۆشنایی متمانەی نێوان عێراق و ئێراندا پڕۆسەی گەشەسەندنی هاوکارییە دوولایەنەکان لەنێوانماندا خێراتر ببێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە ۰۸-۰۱-۲۰۲۵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە، کۆنفرانسی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ساز کرد.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەڤانییەکەدا لەبارەی سەردانەکەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندیی هەردوو وڵات و کارکردنە بۆ پەرەپێدان بە هاوکارییەکان بە مەبەستی بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.

پزیشکیان: لەگەڵ عێراق ڕوانگەی هاوبەشمان لەسەر ڕووداوەکانی سووریا هەیە

لە کۆبوونەوەکەدا، بە گوتەی سوودانی، باسی هێڵی ئاسنینی بەسرە - شەلامچە، دروستکردنی شاری ئابووری لەسەر سنوور و دروستکردنی رێگەی وشکانییان کردووە؛ هەروەها دۆخی هەنووکەیی هەرێمی و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کردووە.

لەبارەی دۆخی سووریاوە سوودانی پێیوایە، سەقامگیریی سووریا کلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە، بۆیە داوای چارەسەری سیاسیی دۆخی سووریای کرد، بە شێوەیەک سەروەری و یەکێتیی خاکی سووریا بپارێزێت، سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی دابنێت، کە زیان بە بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا دەگەیێنێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، رێز لە خواستی خەڵکی سووریا دەگرن کە چ سیستم و دەستوورێک دیاری دەکەن، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و، متمانەیان بە توانا و لێهاتوویی خەڵکی سووریا هەیە.

هاوکات سوودانی ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئاوەدانکردنەوەی سووریا. جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت پشت بە زمانی دیالۆگ ببەسترێت، زمانی هەڕەشەکردن لە وڵاتان ڕەتدەکاتەوە، چونکە قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

پزیشکیان: لەگەڵ عێراق ڕوانگەی هاوبەشمان لەسەر ڕووداوەکانی سووریا هەیە

سوودانی دەڵێت، عێراق داوای دیالۆگێکی هەرێمیی گشتگیر دەکات، لەو چوارچێوەیەدا هەوڵی بەستنی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی دەدات کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

لە کۆنگرەکەدا مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد: "بیروڕامان لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گۆڕییەوە، بەتایبەت هاوکارییە دوولایەنەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەردوو وڵات روانگەی هاوبەشمان لەسەر ڕووداوەکانی سووریا هەبوو، هێمنی و ئارامی و پاراستنی یەکپارچەیی سووریا و پێویستیی دەرچوونی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەکە، بابەتی کۆبوونەوەکەمان بوو."

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆک کۆماری ئێران ئەوەی خستەڕوو، "گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت لەگەڵ عێراق، لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت".

News Code 224679

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha