دیاری کردنی سەرۆکی هەرێم بەگوێرەی یاسای ژمارەی یەکی ساڵی ٢٠١٩ لەماوەی ٣٠ ڕۆژ لە دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، رێکارەکانی دەستپێدەکات، ئەو شێوازی هەڵبژاردنەش تا ئەو کاتە دەبێت کە دەستور دەنوسرێتەوە و پەسەند دەکرێت.
دەستپێکردنی رێکارەکانیش بەجۆرێکە پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە، کاندیدان لە ماوەی سێ رۆژ لە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن داواکاری و سیڤی خۆیان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن، دوای دوو ڕۆژ لە داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن، پەرلەمان ناوی ئەو پاڵێوراوانە ڕادەگەیەنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە، سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکرا بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، وە ئەگەر هیچ پاڵێوراوێک زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى پەرلەمانى بەدەست نەهێنا، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و کێبڕکێ لەنێوان دوو پاڵێوراو دەبێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە و ئەوەى لە جارى دووەم زۆرینەى بەدەست هێنا، دەبێتە سەرۆکى هەرێم.
هاوکات هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم پێویستی بە ٥١ دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام بۆ لێسەندنەوەی متمانە بەگوێرەی ماددەی ژمارە 16 لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە واتا پێویستی بە دەنگی ٧٥ پەرلەمانتار هەیە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، پێشتر لە ساڵی ١٩٩٢ـدا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەنجامدرا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو بەهۆی ئەوەی هیچ یەکێک لە کاندیدەکان دەنگی تەواویان بەدەست نەهێنا.
سەرچاوە: NRT
Your Comment