مەسروور بارزانى به‌بێ دیدارى جۆ بایدن و جێگره‌که‌ى گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دوای سەردانێکی بۆ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و مانه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى ۱۲ ڕۆژ، گەڕایەوە هەولێر و له‌و ماوه‌یه‌ى له ‌ئه‌مریکا بوو نه‌یتوانیوه‌ سه‌رۆکى ئه‌مریکا و جێگره‌که‌ى ببینێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ڕۆژی  ۲۴ى ۲ى ۲۰۲۴ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بە بانگهێشتێکی فەرمی ‌و بەیاوەری وه‌فدێکى باڵای حکوومەتی هەرێم، گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌ فه‌رمیه‌کانى حکوومه‌تی هه‌رێمیش، بارزانى له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ واشنتۆن، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، کۆنگرێس، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن ‌و وەزارەتی گەنجینە کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌.

شه‌وى ڕابردووش مه‌سروور بارزانى له ‌هه‌ژماره‌ تایبه‌ته‌کانى خۆى له ‌تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان چه‌ند وێنه‌یه‌کى خۆیى ‌و جۆرج دەبلیو بووش سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاى بڵاو کرده‌وه ‌و ڕایگه‌یاندبوو، کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامداوه‌.

سەرۆکی حکوومەتى هه‌رێم باسى له‌وه‌کردووه‌، لە کۆبوونەوە و دیدارەکانیدا، دوایین گۆڕانکاریی‌ و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق ‌و هەرێم ‌و گرنگیی ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم ‌و دابینکردنی مافە دەستورییەکان ‌و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ‌و پاراستنی مافی پێکهاتەکان ‌و پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا تاووتوێکردووه‌.

هاوکات ماڵپەڕی واشنتۆن فریی بیکۆن لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، سه‌ربارى مانه‌وه‌ى بارزانى بۆ ماوه‌یه‌کى درێژ له ‌ئه‌مریکا، ئیدارەی کۆشکی سپی ڕێگەی نەداوە بەکۆبوونەوەی مەسروور بارزانی ‌و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگری، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا کاردەکات بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئیدارەکە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن.

News Code 223172

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha