ئەگەر عێراق لەسەر هێرشەکانی ئێران هەڵوێستی جدی نەبێت هیچ مانایەک بۆ سەروەریی وڵات نامێنێتەوە

بەشی جیهان- وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە ئێستادا تیمێکی ئاسایشی هاوبەش لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەولێر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "وڵاتانی دونیا جاری وا هەیە لەسەر لێدوانێکی سادە باڵیۆزی یەکتر بانگ دەکەن و دەیانکشێنەوە، من نازانم لەوەزیاتر چی بکرێت مووشەکی بالستی لە وڵاتەکەت بدرێت و هەڵوێستت نەبێت".

ناوبراو وتیشی، "ئەگەر لە حکوومەتی عێراق هەڵوێستی جدی لە بەرامبەرئەم هێرشانە بەدینەکەین هیچ مانایەک بۆ سەروەری عێراق نامێنێتەوە".

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، کە ئێستا بۆ به‌شداری‌كردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی لە داڤۆسە، له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا بۆ ئاژانسی بلومبێرگ هێرشه‌كه‌ی ئێرانی بە "كارێكی دوژمنكارانه‌ی ڕوون" دژى عێراقی داناوە و بە پێشهاتێکى "مەترسیدار" ناوی بردووە.

بەر لەم لێدوانەش، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی، بە سەردانێک گەشتە هەولێر و بانگەشەکانی ئێرانی سەبارەت بە هەبوونی بنکەیەکی مووساد لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕەت‌کردەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکیدا دەڵێت، "محەمەد ڕەزا ئەلحوسەینی بەرپرسی بەشی وڵاتانی دراوسێ بە وەکالەت، یاداشتێکی ناڕەزایەتی گەیاندووەتە ئەبو ئەلفەزڵ عەزیزی، هەڵسوڕاوی کاروباری ئێران لە بەغدا".

وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی بۆ دەنگی ئەمریکا ڕوونکردەوە، "قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژگاری ئاسایشی نشتیمانی عێراق، دوای بینی شوێنی مووشەکەکان ئەوەی ووتووە کە ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاونشتیمانیەکی مەدەنیە".

لایخۆیەوە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا؛ لە "ماڵی کوردستان" لە داڤۆس ڕایگەیاند هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر "بێ پاساو و نامەردانە" بوو. داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد هەڵوێستەکەی لەبارەی هێرشەکان "تەنها سەرکۆنەکردن" نەبێت.

جگە لە هێرشەکانی پاسداران بۆ ناو شاری هەولێر، چەند میدیایەکی ناوخۆیی هەرێم بڵاویانکردۆتەوە لە هەمانکاتدا دوێنێ شەو هێرشکراوەتە سەر پیرمام و مەلا ئۆمەر و ناوچەی کۆرنوش و شەقڵاوە و بنەسڵاوە و مەسیف و خەلیفان، وە هەروەها لە سەری ڕەش بارەگایەکی دەزگای پاراستن کراوەتە ئامانج.

پێشەوا هەورامانی ئامادە نەبوو ئەم دەنگۆیانە پشتڕاستبکاتەوە و بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "من هیچم نەبیستووە".

هێرشەکان لە کاتێکدان کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا لە سویسرایە بۆ بەشداری له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس. تا ئێستا ڕوون نییە سەرۆکوەزیران بەهۆی هێرشەکان کەی کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.

وتەبێژی حکوومەت لەمبارەوە ڕایگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ هەموو ووڵاتان کۆ دەبێتەوە و داوامان ئەوەیە بێ‌دەنگ نەبن لە بەرامبەر کوشتن و بریندارکردنی منداڵانی کورد بە بیانووی بێ‌بنەما."

ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێم بڵاویکردۆتەوە کە مەسروور بارزانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و قەتەر و فینلەندا و سەرۆک وەزیرانی ئوردن کۆ بۆتەوە.

مەڵپەڕی حکوومەت دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی، وتوویەتی "بە توندترین شێوە" سەرکۆنە هێرشەکەی هەولێر دەکات.

News Code 222889

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha