بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانە دوو رۆژییەکەی و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکانی عێراق لە بەغدا، ڕوونکردنەوەی بۆ رۆژنامەڤانان دا و ڕایگەیاند دوو بابەتی سەرەکی کە لە کۆبوونەوەکانیدا تیشکی خستووەتە سەریان، بابەتی قووتی خەڵک و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان بوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هاتنی ئێمە بۆ بەغدا، لە پلەی یەکەمدا بۆ بەشداریکردن بوو لە رۆژی شەهیدی عێراقی. ئێمە لەو رێوڕەسمەدا بەشداربووین و دواتر لە دوێنێوە تاوەکوو ئەمڕۆ، کۆمەڵێک دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "مادام ئێمە لەم جوگرافیایە و لەم وڵاتەدا دەژین، زۆر ئاساییە سەردانی بەغدا بکەین و هەوڵ بدەین ئەو کێشانەی هەن، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆکوەزیران تێگەیشتنێکی یەکجار باشی هەبووە بۆ پرسی مووچە و دڵنیام لەوەی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. هەروەکو دەزانن، ئەمڕۆ بڕیارێکی لە ئەنجوومەنی وەزیران داوە؛ بە سوپاسەوە بۆ جەنابی سەرۆکوەزیران کە ئەمە هەر لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەدا نەبوو، بەڵام جەنابیان زۆر بە پەرۆشەوە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە دەبێ بخرێتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە بۆچوونی ئێمە، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند: "ئێمە، پێمانوایە ناردنی ئەم درۆنانە بۆ هەرێمی کوردستان ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی عێراقیش تێکدەدەن، چونکە هەمووی بەیەکەوە بەستراوەتەوە و ناکرێ ئەمانە لە یەکتر جیابکرێنەوە. ئەمە بابەتێکی سەرەکی بوو کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان باسمان کرد. بەدڵنیاییەوە گفتوگۆی زیاتری دەوێت، بەڵام ئێمە هیوادارین کە ئەم بابەتەش چارەسەر بکرێت".
Your Comment