سوودانی بەڵێنی‌داوە پێشنیازێکی باش بۆ هەمواری یاسای بوودجە بخاتەڕوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''سەرۆک‌وەزیران بەڵێنیداوە پێشنیازێکی باش بۆ دەرهێنانی مووچەی فەرمانبەران لە بوودجەی راستەقینە ئامادە بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە، ۱۱-۱۲-۲۰۲۳، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ''ئەو سێ مانگەی کە مووچە نەدراوە، لە ئەستۆی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە و لە هەمواری یاسای بوودجەی ساڵی ۲۰۲۴دا گوژمەیەکی بۆ دیاریبکرێت.''

 موسەننا ئەمین گوتی، عێراق هۆکاری سەرەکیی بڕینی ئەو سێ مووچەیەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، ''چوونکە رێگر بووە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە حکوومەتی فیدراڵی دەبێ بەشێکی گەورەی ئەم پارەیە قەرەبوو بکاتەوە و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێکبکەون و مافی هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.''

هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە ۹۲۰ بۆ ۹۴۰ ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۷۰۰ ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس، لە ۲۵ـی ئاداری ۲۰۲۳ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت کە عێراق بە قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.

رۆژی ۱۷ـی ئەیلوولی ۲۰۲۳، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و ۱۰۰ ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران، کە تاوەکو ئێستا یەک تریلیۆن و ۴۰۰ ملیار دینارى ناردووە، کە لەگەڵ داهاتی نێوخۆ مووچەی دوو مانگی تەممووز و ئابی مووچەخۆرانی پێ دراوە.

رۆژی شەممە، ۰۹-۱۲-۲۰۲۳، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە لە بەغدا تۆمارکرا، باسی لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی ۷۰۰ ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کرد.''

ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەو ۷۰۰ ملیار دینارەیە کە سوودانی واژۆی لەسەر ناردنی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکات. چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ۷۰۰ ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان.

دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ۱۲ی فەرمانبەران دەکرێت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای بوودجەی کردووە، بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی راستەقینە جیابکرێتەوە. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیدا، ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێشنیازێکی باش بۆ هەمواری یاسای بوودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بوودجەی راستەقینە بخاتەڕوو.''

یەکێک لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ''دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو حکوومەت خوێندنەوەیان بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە و راپۆڕتەکەی ئامادەیە، ئەمەش بە ''هەنگاوێکی زۆر گرنگ'' بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتییان دەزانێت.

''نزیکەی ۴۰۰ جۆر باج لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت''

بەشێک لە کورتهێنانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی داهاتی نێوخۆ و دەروازە سنوورییەکانەوە دابین دەکرێت، موسەننا ئەمین باسی لەوە کرد، ''لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ۴۰۰ جۆری باج و رسوومات لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت کە تائێستا بە داهاتی گومرگیشەوە هیچی بە بەغدا نەدراوە، پێویستە لانیکەم مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی پێ دابین بکرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی نەکردووە.''

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لە خستنەڕووی داهاتەکانیدا شەفاف بێت، بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدراڵیش بەدواداچوون بۆ داوای هاووڵاتییان بکات.

هەر ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە لەسەر ئەو پرسانە لەنێوان هەردوولادا هەن لە بەغدایە.

News Code 222666

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha