چ کەسێک شوێنی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دەگرێتەوە؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رۆژی ۲۰۲۳/۱۱/۱۴ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبووسی-ی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دەرکرد و رایگەیاند "بڕیاری کۆتایی‌هێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، هیچ جۆرە تانەیەکی یاسایی لێنادرێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێستا پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەکانی بە نائاسایی دەکات، چوونکە بەپێی دەستووری عێراق دەبێت لە یەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر شوێنگرەوەی حەلبووسی دەکرێت، کە پشکی پێکهاتەی سونەیە لە عێراقدا.

لە ئێستادا ناوی چەند کەسایەتییەکی سونەکان دەهێندرێت بۆ شوێنگرەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

لەم‌بارەوە کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە درەو-ی راگەیاندووە: لە ئێستادا لەناو لایەنە سونییەکان و پەرلەمانتاران باس لە شوێنگرەوەی حەلبووسی دەکرێت لەگەڵ ئەوەی لەم بارودۆخەدا قورسە سەرکردەکانی سوونە بڕیارێکی یەکگرتوویان هەبێت لەسەر پرسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام سیناریۆو چانسەکان بەم شێوەیەیە تا ئێستا:

•    چانسی یەکەم تا ئێستا بۆ تەقەدوومە بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی، ئەگەر لایەنەکان ڕەزامەند بن پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدرێتەوە بە تەقەدوم، بەتایبەت باس لەوە دەکرێت گفتوگۆ هەیە لە نێوان لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و تەقەدوومی سەربە محەمەد حەلبووسی کە ئەو پۆستە بدرێتەوە بە تەقەدووم، لەو حاڵەتەدا چانسی زیاد جەنابی و هەیبەت حەلبووسی زۆرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

•    چانسی دووەم بۆ حزبی سیادەیە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، خۆ ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەر سیادە بکەوێت ئەوا سالم عیساوی چانسی گەورەی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

•    چانسی سێیەم بۆ هاوپەیمانی عەزمە بەسەرۆکایەتی موسەنا سامەڕایی،  ئەوا چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن موسەنا سامەڕاییەوە هەیە.

•    هەریەک لە مەحموود مەشهەدانی و تەلال زەوبەعی و خالید عوبەیدیش چانسیان هەیە.

حەلبووسی کە سەرۆکایەتی حزبی تەقەدوم دەکات، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەلەمانی عێراقدا کە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ بەڕێوەچوو، براوەی یەکەمی پێکهاتەی سوننەکان و یەکێک لە براوە گەورەکانی هەڵبژاردن بوو لەسەرتاسەری عێراق. لەسەرەتای دانوستانی پێکهێنانی حکومەتەوە، حەلبوسی لەگەڵ بارزانی و موقتەدا سەدر هاوپەیمانێتی کرد، لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانێتییەدا بۆ جاری دووەم وەکوو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام دوای کشانەوە سەدر لە پەرلەمان، حەلبووسی چووە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا جارێکی تر متمانەی وەکوو سەرۆکی پەرلەمان بۆ نوێکرایەوە.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمان گەورەترین پێگەی سیاسی تایبەت بە سوننەکانە لە عێراقی دوای سەددامدا، لەوکاتەوە هەر کەسێک لە پێکهاتەی سوننە ئەم پۆستەی بەدەستەوە بووبێت، وەکوو کەسی ژمارە ۱ی پێکهاتەکە مامەڵەی کردووە، بۆیە دوورخستنەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەبێ کاردانەوە نامێنێتتەوە.

کۆتایی‌هێنان بە ئەندامێتیی حەلبووسی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەسەر بنەمای سکاڵایەک بوو کە هەردوو پەرلەمانتار لەیس دلێمی ‌و باشم خەشان وەکوو لایەنی سێیەم لە دۆسیەکەدا تۆماریان کردووە.

لەم دۆسیەیەدا، پەرلەمانتار باسم خەشان بەڵگەی خستوەتەڕوو کە دەیسەلمێنێت محەمەد حەلبووسی تێوەگلاوە لە گرێبەست کردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی کە بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایە پێشتر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە ‌و کۆمپانیاکەش یەکێک لە ئامانجەکانی بریتییە لە ئاسای‌کردنەوەی پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.

سەرباری ئەمە، لەسەر دۆسیەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، کە لەلایەن حەلبووسییەوە کۆتایی بە ئەندامێتی لە پەرلەمان هێنراوە، دادگای فیدراڵی حوکمی داوە لەسەر ئەوەی بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی لەیس دلێمی نادروستە، بەوپێیەی پێشوەختە حەلبووسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچارکردووە نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ بنووسێت.

۲۲ی نیسانی ۲۰۲۲، محەمەد حەلبووسی بە فەرمانێک لەیس دلێمی-ی لە ڕیزەکانی حزبی تەقەدوم دوورخستەوە، ئیتر لەوکاتەوە کێشەی نێوان حەلبووسی‌ و دلێمی پەرەی سەند.

کۆتایی‌هێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق کە ئێستا پیاوی ژمارە ۱ی سوننەکانە لە عێراق، سەرەتای قەیرانێکی نوێ دەبێت لەناو پێکهاتەی سوننە ‌و لەبەرامبەریشدا لەگەڵ شیعەکان، بەتایبەتی کە عێراق لەسەروبەندی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندایە.

News Code 222527

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha