بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەی بۆ سلێمانی، ئەعرەجی گوتی، "سەردانەکەمان بۆ شاری سلێمانی و دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دڵنیاییەوە بۆ بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکان و بەدواداچوونی رێککەوتنی ئەمنییە لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران؛ پێشکەوتنێکی گەورە و رازیبوون لای هەموو لایەنەکان هەیە لەبارەی ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا جێبەجێ کراوە.
ناوبراو وتیشی، ئێمە لە دوایین هەنگاوەکانمانداین بۆ تەواوکردنی رێککەوتننامەکە؛ هاوئاهەنگییەکی گەورە لە هەموو برایان لە هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی لە سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە سیاسییەکان هەیە.
ئەعرەجی ڕاشیگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدواداچوون و چاودێری ئەم دۆسیەیە دەکات لەپێناو پاراستنی وڵات، پێشێل نەکردنی سەروەرییەکەی و رێگەنەدان بە هیچ لایەنێکی چەکداری کە بیەوێت لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ.
ئەعرەجی گوتیشی، "بڕگە گرنگەکان لە رێککەوتننامەکە ئەوەن کە ناوچە سنوورییەکان لە هەموو گرووپە چەکدارەکان بەدرێژایی سنوور لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چۆڵبکرێن. ئەو گرووپانە بۆ شوێنی دیکە گوێزرانەوە و لە چەک داماڵدران. ئێمە ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەداین. ویستێکی عێراقی لە بەغداوە تاوەکوو هەرێمی کوردستان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە و هاوئاهەنگی باش لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە".
سەبارەت بە ئەگەری واژۆکردنی رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ تورکیا، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، "عێراق دەیەوێت کۆتایی بەو دۆسیە گرنگ و هەستیارە لەگەڵ تورکیا بهێنێت.
تورکیا وڵاتێکی دراوسێی گەورەیە، هاوشێوەی ئێران؛ بۆیە عێراق دەیەوێت رێگە لەهەر گرووپێکی چەکداری بگرێت و رێگری لەهەر کردەوەیەکی چەکداری بکات لە شاخەکەیەوە بکرێت. ئێستا هەوڵەکان لای سەرجەم لایەنەکان دەدرێن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆسییە بەتەواوەتی، وەکوو ئەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەدیهات".
سەرچاوە: تۆڕی میدایی ڕووداو
Your Comment