مەرجەکانى تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تورکیا شەش مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە، لەوانە کشاندنەوەی سکاڵای دووەمی حکوومەتی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی سەباح ئاماژەی بەوە داوە: ''شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لەو سەردانەدا شاندەکەی تورکیا شەش مەرجی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە پێشکەش کردووە.''

بە وتەی ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، شاندەکەی تورکیا بۆ تێچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت لە ڕێگای بۆڕییەوە داوای ۱۳ دۆلاری کردووە. هەروەها داوای کشاندنەوە سکاڵای دووەمی حکوومەتی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریسی کردووە کە لە بڕیاری ئەو دادگایەدا داوا لە ئەنقەرە کراوە بۆ ساڵانی ۲۰۱۸-۲۰۲۰ قەرەبووی عێراق بکاتەوە.

سەباح سوبحی دەشڵێت: شاندەکەی تورکیا داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کردووە بۆ هەناردەکردنی هەر بەرمیلە نەوتێک لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە بڕی ''حەوت دۆلار'' وەک مافی دارایی بە کۆمپانیاکانی تورکیا بدات.

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوەش داوە کە بێجگە لەو سێ مەرجەی باس کران، تورکیا سێ مەرجی دیکەیشی بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک هەیە و ئێستا دانوستان لەو بارەیەوە بەردەوامە.

سەباح سوبحی پێی وایە ڕەوشەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک ئەرێنییە، لەبەر ئەوەی زەختی ئابووری لەسەر حکوومەتی تورکیا هەیە و ئەوەش وا دەکات تورکیا سوود لە مافی دارایی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەربگرێت.

News Code 222043

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha