بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی رووداودای وت: "بابەتی هاوسەرۆکی کۆتایی هاتووە و پێشووتر بڕیاری لێدراوە و سیستمی هاوسەرۆکی سەرکەوتوو نەبوو و لەبارەی دانانی جێگر بۆ سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "تاوەکوو هیچ بابەتێکی لەوشێوەیە باس نەکراوە".
سەبارەت بەو ئەندامانەی مافی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەدا هەیە، سەعدی پیرە گوتی: "ئەوانەی پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی بوون و ئەوانەی ئێستا ئەندامی سەرکردایەتین لەگەڵ ئەو پێشمەرگە دێرینانەی لە ساڵی ۱۹۷۷ـەوە دانەبڕاون، بەشداریی کۆنگرە دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە دابەش دەکرێتە سەر مەڵبەندەکان، لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەبنە ئەندامی کۆنگرە."
لە دوای رووداوەکانی ۸ـی تەممووزەوە، لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری ئەو حیزبە دوورخرانەوە، لەبارەی بەشداریی دوورخراوەکان لە کۆنگرەدا، سەعدی پیرە دەڵێت: "هەموو ئەو بابەتانە رووبەڕووی ئەو کۆمیسیۆنە کراونەتەوە، کە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە دەکەن و ئەوان بڕیاری لێدەدەن و ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باس نەکراوە، ئەو کۆمیسیۆنە ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە، ئەو بابەتانەی لە کۆنگرە باس دەکرێن و پێشنیازی دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی داهاتوو ئەوان دیاری دەکەن، پێشنیازەکان لە کۆنگرە یەکلادەکرێنەوە".
لە کۆنگرەی رابردوودا ئەنجوومەنێک بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی دروستکرا، لەبارەی ئاییندەی ئەو ئەنجوومەنە، سەعدی پیرە گوتی: "رەنگە فۆرمەکەی بگۆڕدرێت، بەڵام دەمێنێتەوە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان هەڵکشاوە دەبێت جێگەیان هەبێت لە بڕیاری یەکێتی بۆیە رەنگە لە شێوەی پەرلەمانی یەکێتی فۆرمێکیان بۆ دروست بکرێت بۆ ئەوەی لەوێدا گفتوگۆی پرۆسەی سیاسی بکرێت و دەنگ لەسەر پێشنیازەکان بدرێت".
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، سیستمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتیدا کۆتایی هاتووە و ناگەڕێنەوە بۆ ئەو سیستمە.
News Code 222027
Your Comment