ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بە خەندان-ی راگەیاندوو: "دوای ئەوەی کە لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاردرا نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەرێمی کوردستانیش نوێ بکرێتەوە، لەکاتێکدا کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق هەرێم ناگرێتەوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی دەنگدەران نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران شارەکانی هەرێمیشی گرتەوە، لە ۱۳ی (تەموز/۷)وە دەستمان پێکرد و تاوەکو دوێنێ بەردەوامبوین، نزیکەی ۵۵ هەزار داتاو زانیاری دەنگدەرمان نوێ کردەوە کە زیادکردن و راستکردنەوە و گۆڕینی شوێنی دەنگدان و سڕینەوەی ناوی مردوان و تۆمارکردنی ئاوەراکان بوە کە لە سلێمانی نیشتەجێن".
ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو کارانە بۆ ئەوەیە کە هاوڵاتیان ببن بە خاوەنی کارتێکی بایۆمەتری دەنگدان، کە وێنە و پەنجەمۆری کەسەکەی لەسەرە و تەنها بەوکارتە دەتوانرێت دەنگ بدرێت لە رۆژی دەنگداندا و ئامێرەکانیان تەنها ئەو کارتە دەخوێنێتەوە.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەڵێت، لە ساڵی ۲۰۱۷وە دەستیانکردووە بە پڕۆسەکە و ۷۵%ی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بەشێوەی بایۆمەتری تۆمارکراون و پڕۆسەکەش بەردەوامە و ئەوەی بەردەوامە ماوەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتریە و داواکراوە ئەم ماوەیە درێژبکرێتەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک.
Your Comment