بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداد بە درەو-ی راگەیاندووە: دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانی داوە هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ کۆمپانیای کار رابگیرێت، کۆمپانیای نەوتی باکور یەکسەر بڕیارەکەی جێبەجێ کردووە و بڕی ۶۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کۆمپانیای کاری راگرتووە.
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش و راوەستانی پاڵاوگەی بێجی لە نزیک تکریت لە ساڵی ۲۰۱۴، ناردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کەرکووکو موسڵ راوەستا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، حکوومەتی عێراق بڕیاریدا رۆژانە ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بدات بە هەردوو پاڵاوگەی کار لە هەولێر و پاڵاوگەی قەیوان لە سلێمانی، بۆ ئەوەی پێداویستی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووکو موسڵ پڕ بکەنەوە، بۆ پاڵاوگەی کار بڕی ۵۸ بۆ ۶۰ هەزار بەرمیلی رۆژانەو بۆ پاڵاوگەی قەیوانیش رۆژانە بڕی ۳۸ بۆ ۴۰ هەزار بەرمیل.
بەپێی ئەو گرێبەستەی کە حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کارو قەیوان کردویەتی، ئەم دوو کۆمپانیا هەر بەرمیلێکی نەوت بە بڕی ۸ دۆلار دەپاڵێون، واتا لەماوەی رابردوودا لەم پرۆسەیەدا پاڵاوگەی کار مانگانە بڕی نزیکەی ۱۵ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، پاڵاوگەی قەیوانیش نزیکەی ۱۰ ملیۆن دۆلار.
پاڵاوگەی کار نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پاڵاوگەی قەیوانیش شەراکەتی کۆمپانیای قەیوانو ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.
بەگوێرەی یاسای بوودجەی ۲۰۲۳ی عێراق کە دوێنێ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت شایستەی دارایی مانگانەی خۆی لە بوودجەدا وەربگرێت، دەبێت رۆژانە بڕی ۴۰۰ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، یاسای بوودجە دەڵێ ئەگەر نەتوانرا نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێت، دەبێت حکوومەتی هەرێم هەمان بڕی نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات بۆ ئەوەی لەناوخۆدا بەکاری بهێنێت.
بڕیاری دوێنێ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ پاڵاوگەی کار، بەپێی قسەی بەرپرسێکی ئاگادار لە بەغداد، لەچوارچێوەی یاسای بوودجەدایە، بەوپێیەی ئێستا هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راوەستاوە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت نەوتی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەکاربهێنێت، بۆیە بڕیاریداوە لەبری ئەوەی لە کەرکووکەوە نەوت بۆ پاڵاوگەی کار رەوانە بکرێت، لە کێڵگەی خورمەڵەی ژێر کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستانەوە نەوت بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی کارو دوای پاڵاوتنی تەرخان بکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بەرهەمە نەوتییەکانی پارێزگای نەینەوا.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی نەوتی عێراق پاڵاوگەی قەیوانی لە سلێمانی نەگرتوەتەوەو بە هەمان بڕی پێشوو نەوتی بۆ رەوانە دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی بۆ پێداویستی کەرکووک تەرخان بکرێت.
کۆمپانیای کار تاوەکو بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا لە بەرەبەیانی رۆژی ۲۵ی ئازاری ئەمساڵ، بەدوو جۆر لە نەوتی کەرکووک سودمەند دەبوو:
• کۆمپانیای کار وەکوو خاوەنی بۆری هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ ناو خاکی تورکیا، لەماوەی رابردوودا بۆ هەناردەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی کەرکووک بە بۆرییەکەی کوردستاندا، بڕی ۱۰ دۆلاری لە حکوومەتی عێراق وەرگرتووە، بەر لە راوەستانی هەناردە، کۆمپانیای نەوتی باکور رۆژانە ۹۰ هەزار بەرمیل نەوتی بە بۆری کوردستاندا رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرد، لەم پرۆسەیەدا کۆمپانیای کار مانگانە بڕی ۲۷ ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوت.
• پاڵاوگەی کار لە پرۆسەی پاڵاوتنی نەوتدا بۆ سنوری پارێزگای نەینەوا، مانگانە بڕی نزیکەی ۱۵ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە.
واتا تاوەکو رۆژی ۲۵ی ئازاری ئەمساڵ کە هەناردەی نەوت راوەستاوە، کۆمپانیای کار لە نەوتی کەرکووکو ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردویەتی، مانگانە بە تێکڕا بڕی نزیکەی ۴۲ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، بەڵام دوای راوەستانی هەناردەی نەوت تەنیا پارەی پاوڵاتنی نەوتی بۆ ماوەتەوە کە ۱۵ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە.
پاڵاوگەی کار لە رۆژی ۱۸ی تەموزی ۲۰۰۹ کراوەتەوەو بڕی نزیکەی ۷ ملیارو ۹۰۰ ملیۆن دیناری تێچووە، ئەوکات پاڵاوگەکە بۆ پاڵاوتنی نەوتی کێڵگەی خورمەڵە دروستکرا، لە سەرەتاوە رۆژانە توانای پاڵاوتنی ۴۰ هەزار بەرمیلی هەبوو، دواتر تواناکەی بەرزکرایەوە.
Your Comment