هەرێمی کوردستان مانگانە نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان دەدات بە بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە ڕۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا هاتووە کە نیوەی داهاتی خاڵە گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بدرێت بە حکوومەتی ناوەندی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: بەپێی پڕۆژە یاساکە، لە مانگی یەکی ۲۰۲۳ وە دەبێت لە ۵۰% ئەو داهاتانە بدرێن بە حکوومەتی ناوەند، واتە نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕاستەوخۆ دەدرێن بە ناوەند.

ناوبراو وتیشی جیاوازی ئێستا لەگەڵ پێشتر ئەوەیە، ئەو داهاتە هەمووی هەر لە هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئێستا نیوەی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی عێراق.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو داهاتانە کرد کە بەپێی یاسای بوودجەی عێراق دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی عێراق و وتی بۆ نموونە گومرگەکان و دەروازەکان و ڕەگەزنامە و نیشنگەکانە.

شێوازی گێڕانەوەی داهاتەکە

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شێوازی ڕەوانەکردنی نیوەی داهاتی گومرگی هەرێم بۆ حکوومەتی ناوەندی عێراق وتی: بۆ هەموو ئەو داهاتانە بوودجەی "مراجعە" هەیە، بەپێی ئەو بوودجەیە هەموو داهاتەکانی تێدا تۆمار کراون، ئەوان لای خۆیان تۆماری دەکەن کە بوودجەی مانگانە دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان ۵۰% ی ئەو داهاتەی لێ دەردەکەن، ئەمە بە شێوەی (مقایضە)یە بۆ نموونە ئەو بوودجەیەی کە دەینێرن ئەگەر ۱۰۰ ملیار دینار بێت ئەوان دەچن ۹۰۰ ملیار دینار دەنێرن.

ساماڵ عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستە ڕوو کە داهاتی خاڵە گومرگییەکان (دەروازەکانی هەرێم) مانگانە لە نێوان ۱۱۰ - ۱۳۰ ملیار دینارە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هەرێمی کوردستان قازانج دەکات لە گێڕانەوەی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان؟

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتی، ئەوە یاسایه،‌ بەڵام لە بەرامبەردا ئێمەش داهاتمان بۆ دێت، بۆیە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بۆ هەموو عێراقە و تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، هەر هاووڵاتیەکی عێراقی قازانج دەکات، چونکە بەشێک لەو داهاتەی ئێمەش بەشدار دەبێت لە دروستبوونی ئەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیه.

بۆچی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا ڕازی نییە بەوەی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی خاڵە سنوورییەکان بەڕێوە ببەن؟

بەپێی بەشێک لە دەنگۆی میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێم و عێراق، حکوومەتی عێراقی لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ خاڵە سنوورییەکان و یاخود بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی.

ساماڵ عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە دەڵێت حکوومەتی عێراقی هەوڵی ئەوەی دا، بەڵام جارێ هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە. سەبارەت بە داهاتەکانیش، بودجەی (مراجعە) هەیە، جارێکی تریش تیمەکانی ئەوان هاتوون و چاودێری دارایی حکومەتی ناوەند و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بودجەی (مراجعە)یان وەرگرت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری و دەروازەکان و بەراوردیان کرد و هیچ کێشەیەکیان نەبوو.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی حکوومەتی ناوەند دەیانەوێت خەڵکی خۆیان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دابنێن؟

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان وتی حکوومەتی ناوەند پشتی بە یاسای دەروازە سنوورییەکان بەستووە و بەوە دەیەوێت کاربکات بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکان بخرێنە سەر ناوەند، بەڵام ئێمە تێبینی و سەرنجمان هەیە لەسەر ئەو یاسایە، بۆیە هەتا ئێستا بەبێ چارەسەری ماوەتەوه.

سەبارەت بەوەی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا ڕازی نییە بەوەی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی خاڵە سنوورییەکان بەڕێوە ببەن؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی لەبەر ئەوەی ئێمە تێبینیمان هەیە لەسەر داڕشتنی ئەو یاسایە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، بۆیە ئەمە ماوەتەوە و هەتا ئێستا نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک.

ئایا ڕازی نەبوونی ئێوە لەسەر ئەو خاڵە گرفت دروست ناکات لە بەردەم بوودجەی هەرێمدا؟

وەڵامەکەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بەم جۆرە بوو، نەخێر بوودجە پەیوەندی بەوەوە نییە ئێمە هەر لە مانگی یەکەوە بوودجەی (مراجعە) مان ناردووە و داهاتەکان تۆمارکراون و هیچ کێشەیەکمان نەبووە چاودێری هەردوولاش هاتوون و هیچ گلەییان لەسەر ئەو مەسەلەیە نەبووە، بەڵکوو دەستخۆشیان لێکردووین.

سەبارەت بەوەی ئایا هاوشێوەی دۆسێیەی نەوت، ئایا ئەگەری هەیە هاوشێوەی دۆسێیەی نەوت ڕۆژێک عێراق دەستبگرێت بەسەر خاڵە گومرگی و سنوورییەکانی هەرێم؟

لە وەڵامدا ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی من بە دووری دەزانم، چوونکە ڕێککەوتنەکان جارێکی تر ئاسۆیەکی کردەوە لە بەردەم هەرێم و ناوەنددا کە بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە بە دووری دەزانم بەو شێوازە بێت، بەڵام ڕێککەوتن دیارە دەکرێت لەوانەیە وا بخوازێت کە ئێمە بە هاوبەشی سیاسەتی گومرگی و دەروازەکان بەڕێوە ببەین، ئایندە ئەوە ڕوون دەکاتەوە.

News Code 221654

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha