پڕۆسەی دەنگدان لە تورکیا دەستی پێکرد

بەشی تورکیا- ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکرد و پرۆسەکەیش تا کاتژمێر ١٧:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا، ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ دەنگدەرلە تورکیا کە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە مافی دەنگدانیان ھەیە و لەو ژمارەیە 4 ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢یان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن.

دەنگدەران لەڕێگای کورتەنامەوە زانیاری ئەوەیان پێدراوە کە دەتوانن لە کام بنکە دەنگبدەن، 1 هەزار و ٩٤ بنکەی دەنگدان زیاتر لە ١٩١ ھەزار سندووق داندراون. ئەو کەسانەشی نامەکەیان پێنەگەیشتووە دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمی دامەزراوەی بالای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بکەن و لەوێ بنکەکەیان بدۆزنەوە.

ھەروەھا دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێوشوێنی جیاوازی لەو ١١ پارێزگایە گرتووەتەبەر کە بەھۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە زیانیان بەرکەوتووە. دامەزراوەکە کەموکوڕییەکانی ئەو پارێزگایانەی دیاری کردووە، دواتر لەناو باخچەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە کابینەی تایبەت بە ھەڵبژاردنی داناوە.

بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرکۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە، بەلام بەھۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە ١١ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپ کردن و دابەش کردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی ھەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.

لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا کە ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیایە، ٢٤ پارت و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن.

پارتەکان بە پێنج ھاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە ھاوپەیمانانی "جمھوور، میللەت، ئاتا، کار و ئازادی و یەکێتیی ھێزی سۆسیالیست" بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

لە چوارچێوەیەشدا ھەریەک لە ئاک پارتی، مەھەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاە بە ناوی "ھاوپەیمانی جمھوور" بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

ھەر یەک لە جەھەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "ھاوپەیمانی میللەت"-دا کۆ بوونەتەوە.

ھەروەھا پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "ھاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن.

پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی ھەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.

ھەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "ھاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی ھاوپەیمانی "یەکێتیی ھێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.

News Code 221442

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha