بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ و پەیمانگای برایان کە چاودێری شەڕ و چالاکییە تیرۆریستییەکان دەکەن، باسیان لە بەردەوامیی چالاکییەکانی داعش لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە ئەوەش بەهۆی نەبوونی هاوکاریی کاریگەر لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق.
ئەم دوو دامەزراوەیە باسیان لە بەردەوام بوونی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعشیان لە ناوچەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق کردووە. هەروەها هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی حکوومەتی عێراقیان بە لاواز وەسف کردووە و هۆشدارییان داوە لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو ناهەماهەنگییە.
پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ و پەیمانگای برایان لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەیانتوانیوە کێشەکانی دروست کردنی هەماهەنگی لەنێوانیاندا چارەسەر بکەن و تا ئێستاش بێمتمانەیی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هەیە.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەو دوو پەیمانگایە، کێشەیەکی دیکەی شەڕی تیرۆر بەتایبەتی شەڕی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستان، درێژەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمە، کە هێزی سەربازیی جیاوازیان هەیە.
توێژینەوەکانی جەنگ و سەنتەری برایان هۆشدارییان داوە کە داعش توانیویەتی بێمتمانەیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەک و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە لایەکی دیکەوە بقۆزێتەوە و درێژە بە پەلامارە تیرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا بدات.
Your Comment