ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت واژۆ کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێکەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم و رادەست کردنی بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی واژۆ کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی رێکەوتنەکەی هەولێر و بەغدا، لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە دەفرۆشرێت و کڕیارەکانیش نەوتیش، راستەوخۆ هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکەن، لەبەرامبەریشدا پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ دەدرێتە حکوومەتی هەرێم.

هاوکات لەبەرامبەر رادەست کردنی دۆسیەی نەوت،  حکوومەتی عێراق پشکی 12.67%ی بوودجە کە بەگوێرەی زانیاریەکان نزیکەی 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار دەکات بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای واژۆ کردنی رێکەوتنی رادەست کردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک‌وەزیرانی عێراق رایگەیاند: "رێکەوتنەکەمان لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستووردایە و سوودی دەبێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق و دڵنیاشم ئەمجارە رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت".

مەسروور بارزانی راشیگەیاند: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە".

ناوبراو وتیشی: "هیوادارم ئەم رێکەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ببێتە هۆی پەسەند کردنی پڕۆژەیاساکانی بوودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق".

مەسروور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: "دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە، بەڵکوو زیان بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە، ئەم شێوازە نوێیەی هەناردە کردنی نەوتی هەرێمیش، داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "نیازی ئێمە رێککەوتن بووە، بە هەوڵی سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا، بۆیە دڵنیام ئەمجارەیان جێبەجێ دەکرێت".

News Code 221222

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha