بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان لەپەیامێکى ڤیدیۆیدا رایگەیاند: چەند ئاڵنگارییێک ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان بووەتەوە لەوانەش ئاڵنگاریی ئابوورى و کۆرۆنا و نێودەوڵەتى، وەکوو ئەو مەترسییانەى کە نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان باسى کرد.
ناوبراو ئاماژەى بەوەش کرد، بۆچوون و پێشنیازی خۆیان پێشکەش بەسەرکردایەتى کورد و عێراق بەتایبەت سەرۆک کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کردووە و دەشڵێت: "گفتوگۆمان کردووە ئەگەر بەراستى کورد دەیەوێت لەم کیشانە ڕزگارى بێت دەبێت یەکگرتوو بن، ئەگەر ئەوەش نەبێت لانى کەم هەماهەنگی و راوێژ کردن لەنێوانیاندا هەبێت بۆ ئەوەى بگەنە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە".
قەرەداخى جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەترسییێکى زۆر لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، بۆیە بەپێویستى دەزانێت هەمووان یەکدەنگ بن و بەیەکەوە کار بکەن بۆ خزمەت کردنى خەڵکى کوردستان.
هەروەها ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان وتیشى"گفتوگۆمان لەسەر ئەو مەسەلانە کردووە و ئومێدیشمان هەیە کە ئەنجامى باشى هەبێت".
لەچەند رۆژى رابردوودا عەلی قەرەداخى لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و دەسەڵاتدارانى دیکەى هەرێمى کوردستان کۆ بووەتەوە و تیایدا چەند پرسێکى ناوخۆیی و هەرێمى لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ کردووە.
شایانی باسە لەمیانی بەڕێوچونی کۆنفرانسی یەكڕیزی و دەستوور کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو؛ جینین بلاسخارت، نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاند: "ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەرگیز وا مهزانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمييه هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment