کوردپرێس:
رۆژی سێشەممە 25ی ئایاری 2021، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی فەرەنسی کرد کە پێکهاتبوو لە فرانسواز دوما، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگریی نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا؛ فیلیپ مایەر و گوێندال رۆیلارد ئهندامانى پهرلهمانی فەرەنسا؛ برۆنۆ ئۆبێرت، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کۆنسووڵی گشتيی فەرەنسا لە هەولێر.
لە کۆبوونەوەیێکدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندە فەرەنسییەکە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایان تاوتوێ کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندی فەرەنسی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژووییی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و "ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوە دا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیێک ئامادەین بۆ پشتگیری و درێژەدان بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی حکوومەت و گەلی فەرەنسایان کردووە کە "هەمیشە لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا پشتیوانییان لە گەلی کوردستان کردووە، بەتایبەتی لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. هەروەها، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی".
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەت فیدراڵی، گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، دۆخی کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و گرنگیی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆیان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
Your Comment