بەرهەم ساڵح: توندوتیژی چارەسەر نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق لەبارەی خۆپێشاندانەکانی سلێمانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، توندوتیژی چارەسەر نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق رایگەیاندووە "خۆپیشاندانی مەدەنی خەڵک سه‌باره‌ت بە نەبوونی مووچە و خراپیی خزمەتگوزارییەکان، مافێکی رەوایە، بۆیە پێویستە لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە بێن و چاره‌سه‌ری ڕیشەیی مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵک بکه‌ن و هه‌نگاوی خێرا بۆ گێڕانەوەی داھاتی گشتی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان له‌ رێگای چاکسازیێکی راسته‌قینه‌ بگرنه‌به‌ر".

ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لەپێناو خزمەتی خەڵک بکرێتە کاری هه‌ره‌ سه‌ره‌کی و تاڵانی و قاچاخچێتی و زیاده‌ڕه‌وی بۆ سه‌ر داھاتی گشتیش بەڕێوشوێنی یاسایی دەسبەجێ کۆتایی پێ بھێنرێت".

بەرهەم ساڵح دەشڵێت، "توندوتیژی چارەسەر نییە، پێویستە رێز لە ئیرادە و خواستی خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ بگیرێت".

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاندووە، "له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داواکارین ھێزە ئەمنییەکان به‌گوێره‌ی یاسا و دوور له‌ توندوتیژی پارێزگاری لە خۆپێشانده‌ران بکه‌ن رێگه‌ش بدرێت ده‌زگاکانی راگه‌یاندن ئازادنه‌ کاری خۆیان بکه‌ن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "توندوتیژی و ته‌قه‌کردن رێکاری نادروستن، لەلایەکەوە ناوبانگی ھێزە ئەمنیەکان کە پارێزەری ئارامی و سەر و ماڵ و بازاڕ و کەسابەتی ھاونیشتیمانیانن لەکەدار دەکات، لەلایێکی دیکەشەوە ناوبانگی مەدەنیانەی خۆپیشاندەرانیش دەشێوێنێت و له‌ ئه‌نجامیشدا خواسته‌کانیشیان به‌لارێدا ده‌برێن، بۆیه‌ وێڕای مافی رەوای خه‌ڵک لە خۆپیشاندان و بوونی داواکاری ره‌وا، پێویستە رەچاوی ئارامی گشتی و پاراستی دامودەزگاکان و رێزگرتنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بکرێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210919

Your Comment

You are replying to: .
captcha