بایدن لەگەڵ دۆزی کورد ئاشنایە/ پەیەدە واز لە یۆتۆپیا بهێنێت

بەشی سووریا- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە دانمارک بە کوردپرێسی وتووە تەنها لە حاڵەتێکدا کورد دەتوانێت بەهرە لە سیاسەتی بایدن بەرامبەر بە کوردستانی سووریا وەربگرێت کە پێشتر خۆیان لە سەر ئایندەی ناوچەکە بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش.

کوردپرێس:

یۆسف سولەیمان بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە دانمارک لێدوانێکی لەگەڵ کوردپرێس کردووە و تێیدا ئاماژە بە دوورنواڕی کارتێکەریی دەسەڵاتی بایدەن لە سەر دۆخی کوردی سووریا دەکات و دەڵێت: بە قەناعەتی من هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا سەرنجی هەموو جیهانی ڕاکێشاوە چوونکە ئەو هەڵبژاردنە شوێنداریی لە سەر هەموو جیهان دەبێت. وا دەردەکەوێت لە زۆربەی جیهان خوێندنەوەی ئیجابی بۆ ئەو هەڵبژاردنە کراوە بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپی و دیموکراتی و ئازاد، خۆشحاڵن لەوەی بایدەن دەرچووە چوونکە بایدەن بە سیاسەتوانێکی کۆنەکار و دیموکراتی دەزانن و ئەوەش مژدەبەخشی ئاسایش و ئاشتی و گەڕانەوە دیالۆگ و عەقڵانیەت دەبێت.

ناوبراو گوتیشی: پێوەندیی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی پاش چوار ساڵ دەسەڵاتی پۆپۆلیستی و لە سەر بنەمای هەست کە ترەمپ گێڕای قەیرانی زۆر لە نێوان ئەمریکا و زۆر وڵاتی جیهاندا سەریهەڵدا و ئەم سیاسەتانەش شوێندانەر بوو لە سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا وەک یەکێتیی ئەورووپا و هەورەها کارتێکەر بوو لە سەر دوژمنانی ئەمریکاش وە ئێران ووڵاتانی دیکە.

یۆسف سولەیمان زیادیشی کرد« ئەم سیاسەتانە هەم دەبێتە هۆی زیادبوونی مەودای نێوان ئەمریکییەکان و کێشە ناوخۆییەکان و هەم دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ڕەگەزپەرەستی لەو وڵاتە و بەتایبەت لە نێوان ڕەگەزپەرەستە سپی پێستەکان و کۆچبەرە ئەفریقی و ئاسیاسییەکانیش.

بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە دانمارک ئاشکراشی کرد: بایدەن لە بارەی مەسەلەی کوردەوە زانیاری و تێگەیشتنی ئیجابیی هەیە و بە گشتی پێوەندیی دۆستانەی کۆن و باشی لەگەڵ بەڕێز مەسعوود بارزانی و زۆر کەسایەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە. هەموو ئەمان سێبەری ئیجابیی خستۆتە سەر بایدەن و لایەنگریی لە کوردستانی سووریا.

یۆسف سولەیمان ئاشکراشی کرد: بەڵام دۆخی کوردی سووریا زۆر دۆخێکی دژوارە و کێشەی زۆر لە نێوان کوردەکاندا هەیە بە گشتی لە نێوان ئێمە و نەیارانی سووریا و تەنانەت لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی سووریاش هەیە و ئەمانە کێشەی گەورەن.

بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە دانمارک لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا ڕوونی کردەوە: یەک بژاردە لە بەردەستی ئێمەدایە کە دانیشینە سەر مێزی دانوستان و بە ڕۆحێکی ڕاستەقینە و برایانە گوێ لە یەکتر بگرین و بە کۆمەڵێک کاری پێویست و حاشاهەڵنەگر بەتایبەت بە ئازاد کردنی زیندانییە سیاییە ڕفێندراوەکان و ڕوونکردنەوەی چارەنووسیان و کۆتایی هێنان بە سەربازگیریی ئیجباری و لێبوردنی گشتی و ئازاد کردنی کار و چالاکیی سیاسی برینەکانمان تیمار بکەین.

ناوبراو زیادی کرد: مەسەلەیێکی دیکەش گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ ماڵەکانی خۆیانە. کۆمەڵێک کار کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک دابین کردنی ژیانی باش و مەعقوول بۆ ئەو هاووڵاتییانە و دابین کردنی پێداویستیی ژیانیان وەک خواردن و خانوو و سەرچاوەی کار و داهات، یەکێتی گوتاری سیاسیی کورد لە سووریا و دامەزراندنی مەرجەعێکی کوردیی بەربڵاو و بەشداری پێکردنی دامەزراوە مەدەنییە بە بەشداریی هەمو لایەنەکان دەرەچە بۆ هاوکاریی نێوان دوو لایەنەکە دەکەنەوە.

یۆسف سولەیمان لەبارەی ڕوانینی بایدن بۆ مەسەلەی کورد گوتی: بە بڕوای من دەوڵەتی بایدەن خوێندنەوەی ئیجابیی بۆ ئەو شتانە دەبێت کە ئاماژەم پێدا.بەڵام پرسیارە گەورەکە دەمێنێتەوە و ئەوەش بریتییە لەوەی ڕەمز و هۆکاری سەرکەوتنی هەموو ئەو شتانەی باسم کرد، خودی کوردە. بە گشتی ئێمەی کورد لە قۆناغێکی ئێجگار هەستیاری مێژووی ناوچەکە وسووریا و بەتایبەت کوردستانی سووریاین.

بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە دانمارک لەبارەی ئەوەی کە ئایا بزووتنەوەی سیاسیی کوردی سووریا بە ئاگادارییەوە و بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکات و بەرژەوەندیی کوردەکانی سووریا دەکاتە سەرمەشقی کاری خۆی؟ بەم شێوەیە وەڵامی کوردپرێسی دایەوە: بە قەناعەتی من وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تۆزێک ئەستەمە لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی سووریا و بڕیارە سیاسییەکانیان و قیادەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانی سووریان و بە بەرنامە و تێز و سیستەمی حکومڕانی یۆتۆپیایی و ناواقیع کار دکەن ئەوەش دەبێت هۆی تیاچوونی مافی کورد وەک ئەو هاووڵاتییانەی لە خاک ونیشتمانی مێژووییی خۆیاندا دەژین و هەڵگری هەموو مەرجێکی پێویست بۆ گەلن.

News Code 210917

Your Comment

You are replying to: .
captcha