تیرۆری شەهید فەخری زادە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە/ مەهدی حاتەمی*

بەشی ئێران- ڕۆژی حەوتی سەرماوەزی 1399 دوکتور فەخریزادە بریکاری وەزیری بەرگریی ئێران لە دەوروبەری شاری تاران تیرۆر کرا. پاش ئەو ڕووداوە ورووژێنەرە، باس و خواسی زۆر لە میدیا ناوخۆیی و بیانییەکان لەبارەی ڕەهەندەکانی ئەو هەڵمەتە تیرۆریستییە هاتە ئاراوە. ئەم یادداشتە کورتە چاوێک بە هەندێک لە ڕەهەندە یاسایی و سیاسییەکانی ئەم بابەتەدا دەخشێنێت.

کوردپرێس:

لە پەیڕەوی یاسای نێودەوڵەتیدا بەشی ئەرکی نێودەوڵەتیی دەوڵەت و دیکەی قەبارەکان وابەستەی یاسای کارپێکراو و گەشەپێدراوی لیژنەی ماف و یاسای نێودەوڵەتییە کە لەبارەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتەکانەوە ئامادە کراوە. لە مادەی 2ی پڕۆژەکەدا بە ئاشکرا دوو مەرج دانراوە بۆ ئەوەی دەوڵەتێک بە بەرپرسیار بناسرێت: یەکەم ئەوەی ئەو دەوڵەتە یاسایێکی کارپێکراوی نێودەوڵەتی پێشێل بکات. دووهەم ئەوەی ڕووداوەکە مەرجی ئەوەی تێدا بێت کە ئەو دەوڵەتە بە بکەری بزانین.

لەبارەی هەڵمەتی تیرۆریستیی ئاماژەپێکراوەوە گومانمان لەوەدا نیە کە پەیڕەوی نێودەوڵەتی پێشێل کراوە. ڕێژە و ئاستی ئیدانەکردنەکان و تەنانەت ئەوەی کە هیچ کەس یان لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو هەڵمەتەی لە ئەستۆ نەگرت بەئاشکرا ڕوونی دەکاتەوە کە هەڵمەتەکە کارێکی تاوانکارانە بووە. بەڵام لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی کە تا ئەم کاتەش هیچ ڕوونکردنەوەیێک لەبارەی بکەرانی ئەو هەڵمەتە تیرۆریستییە لەلایەن دامەزراوە بەرپرسیارەکانی ئەو ڕووداوەوە بڵاو نەکراوەتەوە مەرجی دووهەم نەهاتۆتە دی. واتا تا ئەم کاتەش نەگوتراوە کە ئەو هەڵمەتە دەچێتە خانەی بەرپرسیارێتیی کام قەبارە یان دەوڵەتەوە.

ئێستا هەستی هاووڵاتییان لەو مەسەلەیە ئازاری بینیوە و داوا دەکەن بەرپرسانی وڵات ڕەدفێعلێکی پێویست و گونجاویان هەبێت. بۆیە دەبێت چاوەڕوان بکەین تاکوو ئەنجامی بەدواداچوون و زانیارییەکان دەربکەوێت. بەشی دووهەمی ئەم یادداشتە تایبەتە بە بەدواداچوونی نێودەوڵەتی. لەباری نێودەوڵەتییەوە ئێران دەتوانێت تا ئەو کاتەی بەدواداچوونەکانی تەواو دەبن داوا لە جڤاتی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش –لەو ڕوانگەوە کە شەهید فەخریزادە دەوری کارای لە کەرتی وزەی ئەتۆمدا بینیوە- داوا بکات کە ئیدانەی هەڵمەتە تیرۆریستییەکە بکەن. بەڵام ئەگەر تەنانەت ئەوەش بسەڵمێت کە ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل دەستی لەو مەسەلەیەدا بووە ئێران ناتوانێت لە دیوانی نێودەوڵەتیی دادگادا سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات چوونکە بەو سکاڵایە ئێران دانی بەوەدا ناوە کە ڕژێمی ئیسرائیل بوونی هەیە.

ئێستا یاسای "هەنگاوی ستراتێژیکی بۆ پووچەڵکردنەوەی سزاکان" و پارێزگاری کردن لە مافی گەلی ئێران لە ڕۆژی 12ی سەرماوەزی 1399دا لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کراوە و بۆ جێبەجێکردن نێردراوەتە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار. بۆیە پێویستە چەن خاڵێک لەم بارەیەوە ڕوون بکرێتەوە:

یەکەم: یاساکە پاش تیرۆرکرانی شەهید فەخریزادە پەسەند کرا و ئەو یاسایە زمانحاڵی ئەوەیە کە دەوڵەت و گەلی ئێران بەرامبەر بە هەڵمەتی تیرۆریستی دەستەوەستان نابن. بە هەر حاڵ ئەم هەنگاوە هەڵگری ئەو پەیامەیە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کە گۆڕەپانی ئەتۆمی زۆر ئەکتەری تێدایە کە ئێرانیش نیازیەتی قورساییی تایبەت بەخۆی لەم گۆڕەپانەدا هەیە و ئەو قورسایییەش بریتییە لە هەنگاو و پەرچەکرداری هاوشێوە و بەرامبەر.

دووهەم: لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە دەوڵەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی داد (ئاتا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران) لە ژێر ناوی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناسراون و هەر بەو پێیەش دەسەڵاتی جێبەجێکار واتا دەوڵەت پێویستە بەرپرسیارێتیی جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە لە ئەستۆ بگرێت ئەگینا فرەدەنگی و ناتەبایی، هەڵگری لێکەوتەی خراپ بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەبێت.

سێهەم: هەڵمەتەکەی پەرلەمان بۆ دەوڵەت دەرفەتێکی کەم وێنە بۆ سەپاندنی گوشار لە سەر ئەمریکا فەراهەم دەکات چوونکە پلانی ئەمریکا لە ئێستادا ئەوە نیە کە بگەڕێتەوە نێو ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵکوو پلانەکەی ئەوەیە کە ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە پەرەپێبدات و باسی مووشەک و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەش لەو ڕێککەوتنەدا بگونجێنێت. ئێستا ئەم یاسایە لە پەرلەمانی ئێران بە شێوەیێک پەسەند کراوە کە ئەمریکا لە کاتی جێبەجێ کردنی یاساکەوە تەنها دوو مانگ دەرفەتی دەبێت بۆ ئەوەی ئیلتیزام بە هەموو پێبەندییەکانی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکات.

چوارەم: ئەرکی دەوڵەت بەگوێرەی ئەم یاسایەی پەرلەمان لە دانوستانەکاندا چەند هێڵی سوور بپارێزێت کە بریتییە لە قەدەغەی باس کردنی مەسەلەی مووشەکی و دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە. لە کۆتاییدا هیوادارین دەوڵەتی ئێستای ئێران لە کەشێکیدا کە داواکاری و چاوەڕوانیی زۆر لە ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەو دەوڵەتە دەکرێت بتوانێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نیشتمانیدا وەڵامێکی گونجاو و مەعقوول بە هاووڵاتییان بداتەوە.

*مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی کوردستان

News Code 210872

Your Comment

You are replying to: .
captcha