بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەحاڵێدا جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا هێشتا درێژەی هەیە دەنگەکانی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکا پێش دەنگەکانی دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆماریخوازەکان کەوتووە و ئەگەری بە سەرۆک بوونی بایدن زیاترە.
دۆناڵد ترەمپ بەبۆنەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەباکووری سووریا لە ساڵی 2019دا زەمینەی بۆ هێرشی تورکیا فەراهەم کرد و هەم لەلایەن دیموکراتەکان و هەم لەلایەن ژمارەیێک لە بەرپرسانی حکوومیەوە ڕەخنەی لێگیردرا و هەندێکیش دەستەواژەی «خەیانەت»یان لەبارەی ئەو هەڵمەتەی ترەمپ بەکار هێنا چوونکە بەوتەی ئەوان هێزە کوردییەکانی سووریا ڕۆڵی هێزی وشکێنی ئەمەریکایان لەشەڕی داعشدا گێڕا.
گۆڤاری فارن پالسی لە یادداشتی ئەمڕۆیدا دەنووسێت هەڵبژادرنی جۆبایدن بەربژێری دیموکراتەکان زیاتر لەبەرژەوەندیی کوردەکانی سووریایە چوونکە بەوتەی ئەم گۆڤارە بایدن پێچەوانەی ترەمپ وەفای بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا هەیە.
گۆڤارەکە بڕواشی وایە ئەگەر بایدن هەڵبژێردرێت درێژەی بە پشتگیر کردن لە کوردانی سووریا دەدات و لانیکەم بۆ پاراستنی ئەوان ژمارەیێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە باکووری سووریا دەهێڵێتەوە.
دارین خەلیفە توێژەری گرووپی نێونەتەوەیی قەیران لەبارەی ئاستی پشتگیری کردنی دۆناڵد ترەمپ لە کوردانی سووریا بە فارن پالسیی وتووە: دۆناڵد ترەمپ دەیتوانی تەنها بە جریوەیێک پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ کوردانی سووریا نیشان بدات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment