«حیکمەت سەربڵەند» ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستان (pîk) لە گفتوگۆیێکی تێروتەسەلدا لەگەڵ کوردپرێس ئاماژەی دا بە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان پەکەکە و پارتی و ڕایگەیاند: ناکۆکییەکان لەنێوان ئەم دوو لایەنە زۆر قووڵ و بەربڵاون و تەنها دەستی ئەم دوو لایەنە نین کە ناکۆکییەکان دروست دەکەن بەڵکوو ژمارەیێک لە وڵاتان دەیانەوێت شەڕی ناوخۆیی و شەڕی براکوژی وەکوو ستراتێژیێک بەکار بێنن.
ناوبراو وتیشی: بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سیاسەتێکی قیزەونی بەهەموو توانایەوە دژ بە کورد گرتۆتەپێش و نایهەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەرمەشقێک بۆ کوردەکانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا، بۆیەش بەبیانووی بوونی پەکەکە-وە هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەمەش مەترسیی سەربازی، مرۆیی و ژینگەیی لەم ناوچەیەدا دروست دەکات؛ لەم نێوانەشدا نەبوونی ستراتێژیێکی هاوبەش لەنێو کورددا خەسارێکی گەورەیە.
ئەمینداری گشتیی (pîk) درێژەی دا: جیاوازیی سیاسی لەنێوان حزبەکاندا شتێکی سروشتییە بەڵام ئێمە وەکوو حزبی ئیسلامیی کوردستان بڕوامان وایە کە کورد نابێت هیچ کات دەست بۆ شەڕی ناوخۆیی بەرێت هێڵی سووری ئێمە شەڕی براکوژییە و پێویستە هەموو کوردێک هەمبەر ئەم بابەتە کاردانەوەی هاوبەشیان ببێت. ئێمە داوامان لە هەموو ڕەوتە کوردییەکان کردووە و لەم دوو حزبیشە داواکارین دەست بۆ شەڕ نەبەن و زمانی دوژمنکارانە و قین دژ بەیەک بەکار نەهێنن و لەنێوانیاندا دەستەیێک بۆ دانوستاندن پێکبهێندێت.
ناوبراو دەڵێت: ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بۆ ڕێگری کردن لە پێکدادان هەوڵ بدات و هەڵویستێکی کوردانە بگرێتە پێش و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات.
ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستان (pîk) ئاماژەشی دا بە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان لەدەرەوەی بازنەی کورد و وتی: ڕاستییەکەی ئەمەیە کە بەشێکی گەورەی ناکۆکییەکان لەدەرەوەی ئیرادەی کوردە و دەستی دوژمنانی کوردی تێدا دەبینرێت بەتایبەت دەستی تورکیا. ئەوان دەیانەوێت ناکۆکیی ناوماڵی کورد زیاتر بێت تا داگیر کردنی خاکی هەرێمی کوردستانی لێبکەوێتەوە. تورکیا بە بیانووی پەکەکەوە هەموو کەرەستەیێکی بۆ داگیر کردنی خاکی هەرێمی کوردستان بەکار هێناوە.
حیکمەت سەربڵەند ئاشکراشی کرد: ئەم بیانووەی تورکیا درۆیە و ستراتێژیێکی درێژخایەنە بۆ داگیر کردنی بەشێک لە خاکی عێراق و سووریا و لەناوبردنی دەسکەوتی کورد. تورکیا بوونی خۆی گرێداوە بە نەبوونی ئەوانی تر واتا نەبوونی کورد. بۆیەش ناکۆکیی نێوان پارتی و پەکەکە تەنها ناکۆکییێکی ئاسایی نییە و تورکیا کەڵکی لێوەردەگرێت.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە کە ئێمە داوا لە لایەنەکان دەکەین کە دەست لە دووبەرەکی هەڵبگرن و شەڕی دووبارەی براکوژی لە کوردستان ڕوونەدات و هانا بۆ گفتوگۆ کردن بەرن.
ئەمینداری گشتیی حزبی ئیسلامیی کوردستان (pîk) جەختی کردوە: لەلایێکی دیکەوە زلهێزە جیهانییەکان شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە-یان ناوێت چوونکە بەرژەوەندییان لە ناوچەکە هەیە و ئەم شەڕەیش بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.
ناوبراو زیاتر وتی: ئێمە داوا لە هەموو ڕێکخراوە و ڕەوتە کوردییەکان دەکەین ڕێگری بکەن لە سەرهەڵدانی شەڕی براکوژی. کورد دەبێت هوشیار بێت جارێکی دیکە نەکەوێتە داوی دوژمنانیەوە. بەدرێژایی مێژوو کورد خەساری لەم بابەتە دیوە و دەبێت ژیرانە هەڵسوکەوت بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment