بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کلارک کوپەر، بەرپرسی فرۆشتنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: مەترسی هەیە تورکیا رووبەڕووی سزای ئەمریکا ببێتەوە، چوونکە ئەوان بەردەوامن لە هەوڵی جێگیر کردن و تاقی کردنەوەی سیستەمە مووشەکیە رووسییەکە.
ئەمریکا بەپێی یاسایەک کە لە 2017 بە زۆرینەی دەنگی کۆنگرێس پەسند کراوە، دەتوانێ سزا بەسەر تورکیا بسەپێنێت. لە یاساکەدا سزا بۆ "رووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەمریکا" دانراوە، لە یاساکەدا بە دەق هاتووە: "ئەمریکا دەتوانێ راستەوخۆ سزا بخاتە سەر وڵاتێک ئەگەر گرێبەستێکی گرنگی کڕینی چەکی رووسی واژۆ کرد".
کوپەر جەختی کردەوە، کە واشنتن لە ساڵی رابردووەوە بە ئەنقەرەی راگەیاندووە، هێڵی سوور بەلای ئەمریکاوە کارپێکردنی سیستەمی مووشەکی ئێس چوارسەدە؛ "بە تورکیامان گوتووە هەرگیز تاقی کردنەوەی سیستەمە مووشەکییەکە قبووڵ ناکەین، هێشتا هەوڵیش دەدەین بۆ رازی کردنی تورکیا لە کارپێنەکردنی ئەو سیستەمە مووشەکییە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نایشارێتەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ هێشتنەوەی تورکیا لە بەرەی رۆژئاوا، چوونکە وەک خۆی دەڵێت "دوورخستنەوەی تورکیا لەو بەرەیە لە سوودی کەسدا نییە رووسیا نەبێت".
رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆک کۆماری تورکیا لە 23ی ئەم مانگە له ئیستهنبووڵ، وهڵامی پرسیاری رۆژنامهڤانانی میدیاکانی وڵاتهکهی دایهوه. لهبارهی تاقی کردنهوهی سیستهمی ئێس-400ـی رووسی گوتی "ئەو تاقیکردنەوانە راستن، کراون و دەکرێن. وهک چۆن چهکی رووسیمان ههیه بهههمانشێوه چهکی ئهمریکیشمان ههیە و تاقیکردنهوه بۆ ئهوانیش دهکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment