بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا، بۆ ئەو مەبەستەش فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق یەکهەڵوێستیان دەبێت و وەکوو ئەو گوتی" هەوڵدەدەن رێگریی لە ستەم کردن لە کوردی کەرکووک بکەن".
پەرلەمانی عێراق پێشتر پێشنیازی دابەش کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی لە پارێزگاکان لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی کۆتای ئافرەتان لەو پارێزگایانە پەسەند کرد، بەو شێوەیە عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێ، کە بازنەیەکیان بۆ کریستیانەکانە و لە ئاستی هەموو عێراقە بە هەرێمی کوردستانەوە.
ناکۆکی لایەنەکان لەسەر شێوازی دیاری کردنی سنووری بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، کە بڕیارە لە 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بەڕێوەبچێ، چوونکە هەندێک جار وا پێویست دەکات، لە یەک بازنەدا چەند ناوچەیەک پێکەوەبن.
رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ماددەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆ بووەوە، بەڵام دانیشتنەکەی بۆ ڕۆژی دووشەممە دواخست. پەرلەمانتارێکی کورد لە گرووپی 15 پەرلەمانتارەکەی دەرەوەی یەکێتی و پارتی رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی نازانرێت ئاراستەکە بەرەوکوێ دەڕوات، زۆربەی پەرلەمانتارانی گرووپی 15 دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان بەجێهێشت.
هەر لەمبارەوە موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆتایی دانیشتنەکەی پەرلەماندا دانیشتنی پەرلەمانمان بەجێهێشت: "پێمانوانییە بەشێوەیێکی بابەتی بازنەکان رێکبخرێن. بەهۆی ئەوەی دڵنیانین ئاراستەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بۆیە نامانەوێت ببینە بەشێک لەو پرۆسەیە و هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانمان بەجێهێشت."
موسەننا ئەمین گوتی، لەگەڵ ئەوەدا بووین هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت و بازنەی بچووک دروست نەکریت.
هەریەک لە فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى بەجیا لە پەرلەمانى عێراق کاردەکەن، بەرەى سێیەم لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لەلایەن 15 پەرلەمانتارى شەش لایەنى کوردییەوە پێکهێندراوە.
گرووپی 15 پێکهاتووە لە پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هەرسێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئایندە و پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و دوو پەرلەمانتارەکەی پێشووی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری. فراکسیۆنە بچووکەکان ترسیان هەیە بەهۆی ئەو فرە بازنەییەوە نەگەنە پەرلەمان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment