کوردپرێس:
گۆڤاری کاندیان دایمنشن لە ڕاپۆرتێکدا سەرنجی خستۆتە سەر کارتێکەریی کەرەستە جەنگییەکانی کەنەدا لە شەڕی قەرەباغ و نووسیویەتی: ئازەربایجان درۆنە تورکییەکان بۆ شەڕی دژبە ئەرمێنیا بەکار دەهێنێت ئەوەش لە کاتێکدا کەرەستەی زیرەکی بەئامانج گرتن و دۆزینەوە بەرهەمی کەنەدایە کە تورکیا لەو درۆنانەدا بەکاری هێناون. بەم شێوەیەش کەنەدا ناڕاستەوخۆ دەستی هەیە لە شەڕی قەرەباغ.
گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا بە دووری دەزانێت کە پاش ناڕەزاییەکان بەرانبەر بە ناردنی فرۆشتنی چەکی کەنەدایی بە تورکیا، دەوڵەتی کەنەدا فرۆشتنی چەک بە ئەنقەرە بوەستێنێت و ئیدعاشی کردووە کە کەنەدا یاسای قەدەغەی فرۆشتنی چەکەی کەنەدایی بە تورکیای شکاندووە کە ساڵی 2019 و پاش ناڕەزایییەکان پەسەند کرابوو.
گۆڤاری کاندین دایمنشن لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەڵک وەرگرتنی تورکیا لە کەرەستە جەنگییەکانی کەنەدا دژی کورد چەند ساڵێکە دەستی پێکردووە و ئێستاش بەردەوامە و ئەنقەرە ئەو کەرەستە سەربازییانەی لە شەڕی دژبە کورد و لە سووریا و باکووری عێراق بەکار هێناوە.
میدیا کەنەدایییەکان داوایان کردووە کە ناردنی چەک و کەرەستەی جەنگیی بەرهەمی کەنەدا بۆ تورکیا سنووردار بکرێت چوونکە بە وتەی ئەوان تورکیا نەک هەر کەرەستە جەنگییەکان دژی کوردەکانی تورکیا و عێراق و سووریا بەکار دەهێنێت بەڵکوو ئەنقەرە لە شەڕە هەرێمییەکانی لیبیا و ئازەربایجان و ئەرمێنیاش کەرەستەکانی بەکار هێناوە.
Your Comment