کوردپرێس:
ڕێکخراوی ڕۆنامەنووسانی بێ سنوور لە بەیاننامەیێکدا لەبارەی چارەنووسی ڕۆژنامەنووسێکی هەرێمی کوردستانەوە نیگەرانیی دەربڕی و ڕایگەیاند: شێروان شروانی ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆیە کە لە هەفتەی ڕابردووەوە و پاش ئەوەی لە هەولێر دەستبەسەر کرا هیچ زانیارییێک لەبارەی ناوبراوەوە لە بەردەستدا نیە.
ئەو ڕێکخراوە داواشی کردووە ڕێگە بدرێت پارێزەر و بنەماڵەی ئەو ڕژنامەنووسە لەگەڵ ناوبراو دیدار بکەن و ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ناڕەزاییی جەماوەر بەرانبەر بە دەستبەسەرکرانی ناوبراو هەیە.
سابرینا بنوویی سکرتێری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لە ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسە بێ سنوورەکان نیگەرانیی لەوە دەربڕیوە کە پڕۆسەی دەستبەسەرکرانی ئەو ڕۆژنامەنووسەی هەرێم و ڕەچاوکردنی یاسا کارپێکراوەکان و دەستخستنی زانیاری لە سەر چارەنووسی شێروان شروانی ڕوون نەکراوەتەوە.
ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێ سنوور لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕۆژنامەنووسەکەی هەرێمی کوردستان پێشتر ساڵی 2012ش دەستبەسەر کرابوو.
Your Comment