بەردەنگی لاڤرۆڤ کورد نیە بەڵکوو ئەمریکایە/ ئێستاش تورکیا لە سەر کاغەز کەڵکی بۆ ڕووسیا ماوە

بەشی سووریا- ئەندامێکی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وتووە ڕووسیا دڵگرانە لەوەی زۆرینەی سامانەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکادایە و ڕووسیاش نیازیەتی دەستی بەو سامانە دەوڵەمەندە بگات.

کوردپرێس:

هۆشەنگ دەروێش ئەندامێکی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە سەر سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر بە کوردستانی سووریا گوتی: ئەو لێدوانانە شتی تازە نیە. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین ئەم قسانە لە کاتێکدا دەکرێت کە شتێک ڕووی داوە یان خود ئەمریکا هەنگاوێکی لە کوردستانی سووریا هەڵگرتووە.

ناوبراو ئەوەشی بە کوردپرێس گوت: تەبعەن ئەگەر هەنگاوەکانی ئەمریکا بە دڵی ڕووسیا نەبێت قسەی لەو چەشنە زیاتر دەبیستین.

ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات(p.d.k.s) لە هەرێمی کوردستان زیادیشی کرد: پێشتر ئەو کاتە کۆمپانیا نەوتییەکەی ئەمریکا ڕایگەیاند گرێبەستی وەبەرهێنانی لە کاروباری نەوتی باکووری سووریا لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر واژۆ کردووە دەستبەجێ وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیێکدا دژایەتیی ئەو گرێبەستەی کرد و ڕایگەیاند ئەمریکا نیازیەتی نەوتی سووریا تاڵان بکات. دیسان ئەو کاتەی ئەمریکییەکان بەشێکی لە هێزی لوجەستیکییان بۆ باکووری سووریا گواستەوە و بەتایبەتی کاتێک جووڵەیان بە تانکە پێشکەوتووەکان کرد و بۆ کوردستانی سووریایان نارد دیسان ڕووسەکان بێکار دانەنیشتن و بەیاننامەیان بڵاو کردەوە.

هۆشەنگ دەروێش ئاشکراشی کرد: بەیاننامەکانی ڕووسیا بە پلەی یەکەم کوردستانی سووریا ناکاتە بەردەنگ بەڵکوو ئەمریکا بەردەنگیەتی. جیاوازیی زۆر لە هەڵوێستەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لە سەر بابەتی سووریا دەبینرێت و هەر دوو دەسەڵاتە زلهێزەکە زەمین و ئاسمانی سووریایان گرتۆتە دەست.

ئەو ئەندامەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات(p.d.k.s) لە هەرێمی کوردستان بیریشی هێنایەوە کە ڕووسیا دڵگرانە لەوە ئەمریکا دەستی بە سامانی سووریا لە باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە گەیشتووە و دیارە ڕووسیاش نیازیەتی بەشێک لە سامانەکە دەست بخات.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە لە لایێکی دیکەوە ڕووسیا بەو لێدوانانە نامەیێکی دڵخۆشکەر بۆ تورکیا دەنووسێت. لە سەر کاغەز ئێستاش ڕۆڵی تورکیا بۆ ڕووسیا کۆتاییی نەهاتووە. ئێستاش تورکەکان لە قەزیەی سووریادا خاڵێکی گرینگن بۆ ڕووسیا.

هۆشەنگ دەروێش زیادی کرد: ڕووسیا بە دوو شێواز کەڵک لە تورکیا وەردەگرێت: یەکەم ئەوەی لە ڕێگەی تورکەکانەوە گوشار دەخاتە سەر کوردەکان و دووهەمیش هەمان کار لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکات.

ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ڕەفتاری ڕووسیا بۆ ئەنجومەنی سووریای دیموکرات تەواو ڕوون بۆتەوە. ڕووسیا بە شێوەیێکی شەفاف مامەڵە لەگەڵ کورد ناکات. ڕووسیا لە ئێستادا نیازیەتی دەسەڵاتی دەوڵەت زیاد بکات وتورکیا لەگەڵ ئەمریکا پێوەندیی باشی نەبێت. ڕووسیا وەک کارتێکی گوشار، تورکیا بەرانبەر بە ئەمریکا بەکار دەهێنێت.

هۆشەنگ دەروێش لە کۆتاییدا ئەوەشی بە کوردپرێس وت: ئێمە وەک ئەنجومەنی سووریای دیموکرات ئامادەین بۆ جارەسەری کێشەی سووریا دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین و دەروازەی گفتوگۆی ئێمە ئاوەڵایە. ڕووسیا نیازیەتی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و بە نزیککردنەوەی تورکیا لە خۆی وای نیازە ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیا زیاتر بکات.

News Code 210373

Your Comment

You are replying to: .
captcha