قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا کۆ بووەوە و چەند رێککەوتنێکیان گەڵاڵە کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا کۆ بوونەوە و باسیان لەگواستنەوەی ئەزمونی ئەرمینیا لە ڕووی بە ئەلکترۆنی کردنی حکوومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیارییەوە کردووە، بڕیاریشە ژمارەیێک کۆمپانیای ئەرمینیا بەمەبەستی وەبەرهێنان ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

کوردپرێس:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئەرمینیا بە جیا لەگەڵ مهر گریگۆریان، جێگری سەرۆک وەزیران و هایک چۆپانیان، وەزیری پیشەسازیی تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆ بووەوە و لەگەڵ هەردوولا گەیشتنە كۆمەڵێك رێككەوتنی سەرەتایی.

لە هەردو کۆبونەوەکەدا کە ئەمڕۆ (16 ئایاری 2021) بەڕێوەچون، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەرمینیا کرا. هەروەها بڕیاردرا تیمی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دروست بکرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزمونی ئەرمینیا لەڕوی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری.

لەتەوەرێکی تری قسەکاندا، باسی پێکەوەبەستنی زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەشی زانستی.

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا، هەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران و شاندی یاوەری لەگەڵ شاندێکی یەکێتی کۆمپانیا پێشكەوتوەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆبوەوە، پاش گفتوگۆی چڕ رێککەوتنێکی سەرەتایی کرا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەرمینیا بێنە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەرفراواندا منداڵ و نەوجەوانانی تەمەن 10_18 ساڵان فێری ئای تی و تەكنەلۆژیای زانیاری بكەن کە ئەمە پرۆگرامێکی تایبەتی کۆماری ئەرمینیایە.

سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا هەر یەکە لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن.

News Code 2004

Your Comment

You are replying to: .
captcha