وەزیری پێشمەرگە: لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لێكتێگەیشتنی باش هەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند ئەو لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخە و هیواخوازین بگاتە رێككەوتنێكی گشتگیر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاوەریی فەریق جمال محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئەركان، و جێگرانی سەرۆكی ئەركان، لە یەكەم ڕۆژی جەژندا سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە رۆژهەڵاتی موسڵ كرد.

لە كۆبوونەوەیێكەدا وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەونخونی و قارەمانێتی ئێوە هەرگیز لە یادناكرێت، بەو پێیەی هەمیشە هەوڵەكانتان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری كوردستانە ، لەم پێناوەدا گیان دەبەخشن، تا خەڵكی كوردستان لەسەرجەم بۆنە و یادەكاندا بە ئارامی كاتەكانیان بەرێ بكەن، بۆیە ئێوە هەمیشە سیمبولی تێكۆشان و قارەمانێتی گەلەكەمانن و شانازیتان پێوە دەكەین.

وەزیری پێشمەرگە سەرجەم خاڵەكانی بەرگری هێزی پێشمەرگەی لەو میحوەرە بەسەر كردەوەو ڕایگەیاند: جێگەی دڵخۆشی ئێمە و هەموانە هێزی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەكان سەنگەرەكانیان بە رووی تیرۆریستان بەهێز و توكمەیە، هەمیشە ئامادەسازن بەرامبەر تیرۆریستان بجەنگن لە پێناو ئارامی و ئاسایشی خاكی كوردستان و ناوچەكە.

شۆڕش ئیسماعیل وتیشی، ئێمە وەكوو وەزارەتی پێشمەرگە هەموو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ بەهێزكردنی توانای سەربازی و لۆجیستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و تێكشكاندن و لە ناوبردنیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوە شكرد، دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان و هاوكار و هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەمەش داوایكرد پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بكرێت وەزیری پێشمەرگە ئاشكراشی كرد، كە ئەو لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخەو هیواخوازین بگاتە رێككەوتنێكی گشتگیر و كۆنكریتی كە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و تێكشكانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەكەوێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1995

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha