کوردپرێس:
گۆڤاری ئینگلیزی زمانی عەرەب نیوز لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کۆمپانیای دانەغاز گەورەترین کۆمپانیای غازی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات بە خاوەن پشکەکانی ڕاگەیاندووە داهاتی ئەو کۆمپانیایە لە دوو کێڵگەی غاز خورماتوو و چەمچەماڵ بۆ سێ مانگی یەکەمی ساڵ سەدا 41 زیادی کردووە و گەشتۆتە 24 ملوێن دۆلار داهاتی پەتی.
لە ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمدا دانەغاز ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو سێ مانگەدا لە هەرێمی کوردستان بە گشتی 106 ملوێن دۆلار داهاتیان بووە کە ئەوەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو سەدا 9 هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە.
پاتریک ئێمان ڤارد بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانەغاز گوتوویەتی ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و شلەمەنیی گازیی ئەو کۆمپانیایە و کۆنسرسیۆمی پرێڵ لە هەرێمی کوردستانیش بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە و بۆ یەکەم جار ئەو کێشانە هەڵگیران کە بە هۆی کۆرۆناوە ئاستەنگیان بۆ پەرەپێدانی کڵگە غازییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردبوو.
کۆمپانیاکە دەشڵێت لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاترکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەو ناوچەیە کار دەکەن و هیوای ئەوەش خواست کە ڕێژەی غازی بەرهەمهێنراو بە پەرەپێدانی دوو کێڵگەی خورمور و چەمچەمال بۆ 250 ملوێن پێی سێجا بەرز ببێتەوە.
Your Comment