کوردپرێس: بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرتاسەری عێراق 425 هەزار و 628 کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە کە زیاتر لە 70 هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن.
هەربەپێی ئامارەکە، لە بەغدای پاریتەختی عێراق زۆرترین کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە کە ژمارەیان زیاتر لە 127 هەزار کەسە، لە دوای بەغدا پارێزگای بەسرە بە پلەی دووەم دێت کە 36 هەزار کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
پارێزگای هەولێر سێەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق کە زۆرترین رێژەی ڤاکسینی کۆرۆنای تێدا وەرگریراوە، 26 هەزار و 351 کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، پارێزگای دهۆک ریزبەندی چوارەمی گرتووە 24 هەزار و 686 کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
بەپێی ئامارەکە پارێزگای سلێمانی لە ریزبەندی شەشەم پارێزگای عێراقدایە بۆ وەرگرتنی رێژەی ڤاکسین لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە، بەپێی ئامارەکە 20 هەزار و 592 کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دەریدەخات، لە هەرێمی کوردستان، 71 هەزار و 47 کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عیراق، تائێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 108 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 998 هەزاریان چاک بوونەتەوە و 15 هەزار و 741 کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment