دۆخی ناله‌باری ئابووری لە کوردستان/ فه‌ردین که‌مانگه‌ر

بەشی کوردستان- بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و شمەک لەناو باژێر پیشاندەری دۆخی نالەباری ئابووری له وڵاته، دۆخێک که ژیانی له هاووڵاتییان تاڵ کردووه.

کوردپرێس:

ماوەیێکە دۆخی ئابووری له زۆربەی وڵاتان ناخۆش و نالەباره، بەڵام له ئێران دۆخەکە به هۆی هەبوونی گەمارۆکانی وڵاتانی زلهێز دژ به وڵات و نەبوونی بەرپرسایەتییێک لە ئابووری، خراپتر و ناخۆشتره تا ڕادەیێک که له ماوەیێکی کورتدا ئاستی نرخی شمەک و کەل‌وپەل لە ۱۰۰دا سەد بەرز بووەتەوە بەبێ ئەوه که لەسەر ئەساس و یاسایێک بێت. نرخی خانووبەرە و کرێنشینیش لە ئاستێکی زۆردا بەرز بووەتەوە که زۆربەی لاوان و ئەو کەسانە که ماڵ و خانویێکیان نییە، تووشی کێشە کردووە و بەداخەوە گرانی لەم بەشەدا بووەتە هۆی تێکچوون و گۆڕدرانی شێوازی ژیان له کۆمەڵگەدا وەکوو ئەوەی که چەند بنەماڵە له ماڵێکدا ببنە کرێچی یان پەنا بردن بۆ پەراوێزی شارەکان و ئەو گەڕەکانەی خوارووی شارەکان، له بڕێک شوێنیشدا له ناو ڕەشماڵاندا ژیان بردنە سەر.

دۆخی ئابووری جەماوەر به هاتنی کۆرۆنا ڤایرۆس و جێبەجێ‌کردنی ڕێنمایی و پرۆتۆکولە تەندروستییەکان خراپتر بوو و زۆربەی کۆمپانیاکان، کارگا و دووکان و کۆگاکان داخراوه ڕێژە‌ی بێکاری و هەژاری‌ بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمار کردووە و ئەم دۆخه کاریگەریی خراپی لە سەر ژیانی خەڵکی دانا و ئەمڕۆیش ئەم دۆخە بەردەوامە. بارودۆخەکە باش نییه و هەموو کەسیش به باشی کێشە ئابوورییەکە دەناسێت و دەتوانێت لە سەری بدوێت، بەڵام ئەو شتە زۆر گرینگە که به داخەوە کەس خۆی به بەرپرس ناناسێت و هەموو بەرپرسان به دروشم و چەند وشەی کوڵوکۆتا باس له ئابووری دەکەن. ئیدی هیچ پلان و بەرنامەیێکی وایان بۆ چارەسەری کێشەکە نییە و ئەم لاوازییە بووەتە هۆی زیاد‌بوونی گەندەڵی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی گرانی و هەڵاوسان. لەم نێوانەدا گەندڵیی ژمارەیێک لە خاوەن پلە و پایەکان بۆتە باری سەر بار. بۆ دەرخستنی ئەم گەندەڵییانە دەتوانین به دەرخستنی گەندەڵیی تاقمێک لە بەرپرسان و خاوەن‌کۆمپانیەکان لە میدیاکان ئاماژە بکەین که پارەی خەڵکی دەخۆن و کەم‌فرۆشی و گران‌فرۆشی دەکەن به بێ‌ئەوەی که خۆیان به وڵامدەری خەڵک بزانن. لاوازبوونی چاودێری و نەبوونی پلان له هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی دۆخی ئابوورییه لە ناوخۆی وڵات، که کەس خۆی به بەرپرسی نازانێت و هەروا که دەیبینین و هەستی پێ دەکەین نرخەکان بەرەو سەر دەڕوات و باری سەرەکیی گرانی لە سەر شانی خەڵکیدایە و پێویستە دەسەڵات پلانی هەبێ بۆ ڕۆژانی دوای کۆرونا که دۆخەکە هێمنتر و ژیان ئاسایی ببێتەوە.

News Code 190134

Your Comment

You are replying to: .
captcha