هەڵبژاردنی دووبارەی ترەمپ مەترسیێکی گەورەیە بۆ کورد

بەشی سووریا- سەرۆکی بزووتنەوەی نوێی کوردستانی سووریا دەڵێت: لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا نزیک بووینەتەوە و ئەمەش مەترسیێکی گەورەیە بۆ کوردەکان ئەگەر دووبارە ترەمپ وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرێت. ئەمریکا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە و تورکیاش ئاگاداری ئەم بابەتەیە و سوود لە مامەڵەگەریی ترەمپ وەردگەرێت.

ڕزگار قاسم سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە گرینگایەتیی کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (MSD) و "قەدری جەمیل" سکرتێری گشتیی حزبی ئیرادەی گەل کە ماوەیێک پێش لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە لەچەند ڕەهندەوە گرینگ بوو. حزبی ئیرادەی گەل ڕەوتێکی بەهێز نییە و پشتیوانیی جەماوەریی زۆری لە پشتەوە نییە بەڵام مۆسکۆ پشتگیریی لێدەکات و گرینگ بوونیشی هەر لەسەر ئەمەیە و قەدری جەمیل بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا پەیڕەو دەکات.

سەرۆکی «بزووتنەوەی نوێ»ی کوردستانی سووریا ئاماژەی بەمەش کرد کە مۆسکۆ بۆچی لەم کاتەدا ئەم ڕەفتارەی نواند؟ و لێکیدایەوە: ئەگەر کوردستانی سووریا لەژێر نفووزی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا نەمێنێت و بەگشتی لەژێر کونترۆڵی ئەمریکادا بێت زەنگێکی مەترسییە بۆ مۆسکۆ چوونکە ئەم ناوچانە زۆرینەی سامان و سەروەتی سووریای لەخۆ گرتووە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.

ڕزگار قاسم ئاشکرای کرد: ڕووسیا بەدوای گۆڕینی دیپڵۆماسیی خۆی لە باکووری سووریایە و دەیهەوێت گوشار بخاتە سەر حکوومەتی ناوەندی و لە ڕێگاری ڕێککەوتنی مۆسکۆوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە گفتوگۆکارنی سووریا بەشداری بکات. ڕووسیا دەیهەوێت کوردەکان نزیک لەخۆی بهێڵێتەوە و هەڵبەت ئەمەش بەبۆنەی کوردەکانەوە نییە بەڵکوو بەهۆی بوونی سەرچاوە نەوتی و گازییەکانەوەیە لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا. کوردەکانیش دەبێت ئاگادار بن و لە دەرفەتی گونجاودا بڕیارە گەورە و کۆتاییەکان بدەن.

ناوبراو ئاماژەی بەم بابەتەش دا کە کوردەکانی سووریا لە خاڵێکی هەستیاردان و وەبیری هێنایەوە: شوێنی کورد شوێنێکی زۆر هەستیارە و دەبێت دیپلۆماسی ژیرانە بگرنە پێش. کورد نابێت هەموو کاروبارەکان بە ئەمریکییەکان بسپێرن. پێویست بوو کوردەکان پاش ڕووداوی گرێ سپی و سەرێ کانی کە ئەمریکا خەیانەتی لێیان کرد و پێشتریش ڕووسیا لە عەفرین هەمان خەیانەتی کردبوو، سیاسەتێکی تۆکمە و ژیرانەیان بگرتایتە پێش.

ناوبراو جەختی کردەوە: هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا نزیکە و ئەمەش مەترسیێکی گەورەیە بۆ کورد؛ ئەگەر دووبارە ترەمپ وەکوو سەرۆک هەڵبژێردرێت. ئەمریکا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە و تورکیاش ئاگاداری ئەم بابەتەیە و سوود لە مامەڵەگەریی ترەمپ وەردگەرێت. تورکیا باش دەزانێت ئەمریکا بەبۆنەی کوردەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی ناخاتە مەترسیەوە و بۆیەش خوازیاری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپە.

ڕزگار قاسم زیادی کرد: هەڵبژاردنی جۆ بایدن ستراتێژیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و سیاسەتی پێشووتری ئەمریکا لە ناوچەکە پەیڕەو دەکات. بە بڕوای من لەم کاتەدا بایدن باشتر دەتوانێت بە هانای کوردەوە بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 190063

Your Comment

You are replying to: .
captcha