ئیدارەی خۆسەر دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنى لە چی ئاستێکدایە؟

بەشی سووریا- زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندن و ڕاگەیاندنى ئیدارەى خۆسەر لە کوردستانی سووریا کە ئیدارەى باکورو رۆژهەڵاتى سووریاشی پێ دەوترێت، ئێستاش ساڵیادى دامەزراندنی ئەو ئیدارەیەیە.

کوردپرێس:

دوو ساڵ لەوەو پێش لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ئیدارەی خۆسەری کوردی لە هەلومەرجێکى سەختدا دورست بوو کە تیایدا لەچەند لاوە کوردستانی سووریا پەلامار دەدرا، لە لایێک تورکیا و گرووپە چەکدارەکانى، لە لایێکى دیکە داعش لە سنوورەکانەوە، هاوکات فشار و دژایەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندیی سووریاش لە ئارادابوون.

لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا ئیدارەى باکورو رۆژهەڵاتى سووریا توانیی چەندین دەستكەوتی گرنگ بۆ خۆى بەدەست بهێنێت، بەڵام هەڕەشە و مەترسییەکان هەمیشە وەک تارمایییێک بەسەر ئیدارەکەوە بوون، ئەوەش وای کرد هیچ گەرەنتییێک بۆ پاراستنى ئەو دەستکەوتانە مسۆگەر نەبێت.

پێنج ملیۆن کورد کە تائێستا هیچ ناسنامە و رەگەزنامەیێکى سوورییان نییە لەدەستى چەوسانەوەى چەندین ساڵەى بەعسییەکانى سووریا ڕزگار بوو، هەرێمێکى تایبەت بەخۆیان و دەسەڵاتى خۆماڵییان دامەزراند کە ڕەنگدانەوەی سەرجەم پێکهاتەکانى باکورو رۆژهەڵاتى سووریایە.

پێكهێنانی ئیدارەی كوردی:

دوای ئەوەی لە كۆتاییی ساڵی ٢٠١١ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق لە شارە كوردییەكان كشایەوە، كورد هێدی هێدی بەردی بناغەی هەرێمێكی كوردیی دانا و ئیدارەی شارەكان پێكهێنرا و ئەنجومەنی بەرێوەبردنی و سەرۆكی ئیدارەكانیان دامەزراند تا تەواوی شارەكانی كوردستانی سووریا بوونە خاوەنی ئیدارەیێكی تایبەت بەخۆیان.

ساڵی ٢٠١٤ هەڵبژاردن بۆ زۆرینەی ئەنجومەنەكان كرا و كەسانی هەڵبژێردراو دەسەڵاتی ناوچەكانی خۆیان بەڕێوە برد، هەر لەو ساڵەدا كانتۆنەكانی كۆبانی و عەفرین و جەزیرە و حەسەكە دامەزرا.

کوردستانی سووریا و ئەو پانتایییەی بە "ڕۆژئاوا" ناسراوە، پێکهاتووە لە سێ کانتۆن واتا (جەزیرە، عەفرین، کۆبانى) کە لەژێر دەسەڵاتى کوردیدان، گرنگترین شارۆچکەکانى جەزیرە بریتین لە سەرێکانى، حەسەکە، تربە سپی،قامیشلۆ،عامودا، دێرک، رمێلان، جل ئاغا.

کانتۆنى کۆبانى پێکهاتووە لە شارۆچکەکانى گرێسپى، منبج،عەین عیسا، ناوەندى کۆبانى. هەروەها کانتۆنى عەفرینیش پێکهاتووە لە تەلڕەفعت، ناوەندى عەفرین،جندرێس،بولبول،باسوتێ،قیتمە، راژۆ،، عیندار، باراد.

کوردستانی سووریا کەوتووەتە باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا زۆرینەى هەرە زۆرى سنوورەکەى لەگەڵ تورکیادایە کە ٦٣٠ کیلۆمەترە،سنوورەکەى تری لەگەڵ عێراقەکە کە درێژییەکەى ٣٦٠ کیلۆمەتر دەبێت.

بەپێى نوێترین ئامارى خەمڵێنراوى ئیدارەى خۆسەری کوردستان ژمارەى دانیشتووان لەو ناوچە کوردنشینانە پێنج ملیۆن و ١٧٠ هەزار کەسە، بەڵام لەدواى شەڕی سووریاوە زیاتر لەملیۆنێک کەس ئاوارە بوون و رۆژئاواى کوردستانیان جێهێشتووە.

لە کوردستانی سووریا ٣٦ لایەنى سیاسى هەیە کە گەورەترینیان پارتى یەکێتى دیموکراتى (پەیەدە) و پارتى دیموکراتى کوردستان(پدەک) ئەو دوو لایەنە زۆرترین لایەنگریان هەیەو هەردوولاش خاوەنى هێزى چەکدارن کە پەیەدە زیاتر لە ٣٥ هەزار چەکدار و پەدەکەش نزیکەى چوار هەزار پێشمەرگەى هەیە.

هاوكات لەگەڵ دامەزراندنی ئیدارەی شارەكان هێزی ئاسایش و دژە تیرۆریان پێكهێناو ژمارەیەی هێزە چەكدارەكانیان تا ساڵی ٢٠١٥ گەیاندە ٣٠ هەزار چەكدار، ئەوەش هێزێكی دڵنیا كەرەوە بوو بۆ جێگیر بوونی دەسەڵاتی خۆماڵی كوردی دوور لە دەسەڵاتی ناوەندی.

لەسەرجەم جومگەكانی دەسەلاتی ئیداری و سەربازی و سیاسیی پێكهاتەكانی كوردستانی سووریا كە لە كورد، عەرەب، توركمان، ئەرمەن، سریانی، ئێزیدی، مەسیحی پێكهاتووە بەشدار بوون و پێگە و دەسەڵاتی خۆیان پێدرا، لەو كاتەوە تائێستا هاوشانی كوردێك عەرەبێك سەرۆكایەتیی هەموو كوردستانی سووریا دەكات كە رۆڵی سەرۆكی هەرێم دەبینێت.

ئیدارەی رۆژئاوا بەپێی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بەڕێوە دەچێت كەسێێكی عەرەب‌و كەسێكی كورد سەرۆكایەتیی ئەو هەرێمە دەكەن كە لەئێستادا پیاوێكی عەرەب و ژنێكی كورد سەرۆكایەتییان لەدەستدایە.

دەستکەوتەکانى کورد:

دواى چەند دەیە کورد توانىی ئیدارەیێکى تێدا دابمەزرێنێت کە خۆی خاوەن دەسەڵاتى یەکەم بێت، ئەوەش لە دواى ساڵى ٢٠١١ وە هاتە دی، سەرەڕاى بەردەوامیى جەنگ، بەڵام بوژانەوەیێکى ئابوورى و ئاوەندانى و ئازادى رووی کردە ئەو ناوچە کوردنشینە.

بۆ یەکەم جار لە سووریادا كورد بووە خاوەنى هێزێكی سەربازیی بەهێزى تایبەت بەخۆى كە ژمارەیان لەئێستادا زیاتر لە 70 هەزار كەس دەبێت و توانیی بەرگری لە بوون و مانەوەی خۆی بكات وەك كاریگەرترین پێكهاتەی سووریا.

لەماوەى ئەو ١٠ ساڵەدا كورد توانیویەتی پیشانی بدات كە لە سووریادا هیچ كێشەیێک بەبێ بەشداریى كورد چارەسەر ناكرێت ئەگەر بەشداری پێ نەكرێت لە سیستەمی حكومڕانی ئەو ولاتەدا، هاوكات توانیویەتی ببێتە خاوەنی ئابووری و سیاسەت و هێزی سەربازی تایبەت بەخۆی کە هەریەكە لە ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا هاوكاریی بكەن.

كەسایەتییە سیاسیەكان و دەسەڵاتدارانی كورد لە كوردستانی سووریا لەسەر ئاستی باڵای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتان پێشوازییان لێدەكرێت بەنموونەش سەرۆكی ئەمریكاو سەرۆكی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، هاوكات رۆژانەش شاندی سیاسیی وڵاتان سەردانیکوردستانی سووریا دەكەن.

ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی كوردستانی سووریا و بنیاتنانی سیستەمی خوێندن و زانکۆ و دانانی كارگە و پیشەسازی و پێشخستنی كشتوكاڵ لەماوەی ئەو نۆ ساڵەدا یەكێكی ترن لەو دەستكەوتانەی كورد بەدەستی هێناون.

بەشێکى زۆر لە شارەکان ئاوەدان کراونەتەوە و پڕۆژەى ئاو و کارەبایان بۆ راکێشرا، خوێندنگە و نەخۆشخانەکان زیادیان کرد، کشتوکاڵ و پرۆژەکانى وەبەرهێنان ئەنجام دران، چەندین کارگەو پیشەسازى فەرەنسى و بەریتانى لەناوچەکە پەیدا بوون.

یەکێکى تر لە گرنگترین دەستکەوتەکان بیرە نەوتەکان بوون کە کەوتنە دەست کورد خۆیەوە و ژمارەیێک کۆمپانیاى بیانى هێنا تا وەبەرهێنان بکەن تیایدا، لەرێگاى جیاوازیشەوە بەشێک لە نەوتەکەى ڕەوانە کرد.

مانگی رابردوو ئیدارەى خۆسەر بۆ وەبەرهێنان و دەرهێنانى نەوت رێکەوتنێکى بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژوو کردوە، ئەو رێکەوتنە یەکەم دانپێدانانى نێودەوڵەتییە بەو ئیدارە سەربەخۆیە، ئەوەش پێگەى ئیدارەى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریای قایمتر کرد.

پەیوەندییەکانى کورد لەگەڵ دەرەوە:

دەستپێکى پەیوەندییەکانى کوردستانی سووریا لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەگەڕێتەوە بۆ شەڕى کۆبانى، بۆ ئەو شەڕە کە خەریک بوو لە قازانجى داعش کۆتایی بێت ئەمریکا بڕیاری دا هاوکارىی شەڕڤانانى کورد بکات ئەوەش دەرگاى دونیای دەرەوەى بە ڕووى کورد لە سووریا کردەوە.

رۆژ دواى رۆژ پەیوەندییەکانى کوردستانی سووریا لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا گەشە پێدا تا دواجار ئەمریکا بریاری دا هێزى سەربازى ڕەوانەى سووریا بکات،هاوکات سەرۆکى فەرەنسا پەیوەندییێکى نوێى لەگەڵ کورددا بونیاد نا.

ئەو ئیدارەیە توانیى پەیوەندى لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا لەدۆخی نە شەڕ نە ئاشتى ڕابگرێت، هاوکات لەگەڵ ئێران و سعودییە و ئیمارات و کوێت و ئەردەن پەیوەندییێکى ئاسایی دروست بکات.

ئیدارەی خۆسەری کوردی لە سووریا بەردەوام هەوڵی داوە رۆژئاوا بكاتە هەرێمێكی فیدراڵیی دانپیا نراوە، بەڵام چی لەسەر ئاستی سووریا و چی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێشتا دانپێدانانی فەرمى و راگەیەنراو بەو هەرێمە نییە، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکى ئەمریکا و بەرپرسانی ترى ئەو وڵاتە چەندین جار جەختیان لەوەکردوەتەوە کە پەیوەندی و هاوكاریان لەگەڵ كورد تەنیا بۆ شەڕی داعشەو كاتییە، بەڵام شەڕى داعش کۆتایی هاتووە ئێستا پەیوەندییەکان لە سەربازییەوە بوون بە ئابوورى.

هەڕەشە بەردەوامەکانى تورکیا:

هەر لەسەرەتاوە خەونی كوردەکانی سووریا ئەوە بوو كە كانتۆنەكانی كۆبانی‌و عەفرین‌و جەزیرە بەیەكەوە ببەستێت و تیایدا حكوومەت‌ و پەرلەمانی بنیاد بنێت، راگەیاندنی ئەم هەرێمەش بەشێوەیێكی سەرەكی كارەكانی گەیشتبووە قۆناغی كۆتایی و بڕیار بوو مانگی 11 ساڵی ٢٠١٧ دا ئەو هەرێمە بەفەرمى رابگەیەنێت، بەڵام هێرشەكانی توركیا ریسەكەی كردەوە بە خوری.

تورکیا تا ئێستا سێ ئۆپەراسیۆنى لە کوردستانی سووریا ئەنجام داوە یەکێکیان لە مانگى ئابى ساڵى ٢٠١٦ بوو لەژێرناوى "مورتاڵى فورات"هەریەکە لە شارۆچکەکانى (جەرابلوس و عەزازو راعى) داگیرکرد، ئۆپەراسیۆنى دووەم لەژێر ناوى "چڵە زەیتون" لە مانگى شوباتى ٢٠١٧ بوو بۆسەر عەفرین دواى ٥٦ رۆژ بەرگری داگیریان کرد، سێیەمیان لە مانگی ٩ى ساڵى ٢٠١٩ بوو لەژێر ناوى "کانى ئاشتى" سەرێکانى و گرێسپی داگیر کرد، بەوەش سنورى جوگرافی ئەو ئیدارەیە بچوک بۆوە.

ژمارەى پەنابەرانى سووریا لە خاکى تورکیادا نزیکەى سێ ملیۆن پەنابەر دەبێت، پلانى ئەردۆغان ئەوەیە لەرۆژئاواى کوردستان جێگیریان بکات و هەر خێزانێک لە پەنابەران ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ مەترس زەویان پێ بدات تا خانووى لەسەر بکەن.

لەگەڵ بەردەوامیى مەترسییەکانى سەر ئیدارەى خۆسەری کوردی و بەتایبەتى هێرشە بەردەوامەکانى تورکیا و گرووپە چەکدارەکان هاوکات نەبوونى پەیوەندی لەنێوان رژێمى سوریاو ئەو ئیدارەیە، بەڵام ئیدارەى خۆسەر رۆژانە پەرە بە ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەى سەرخان و ژێر خانى سنورى ژێر دەسەڵاتى خۆی بەرەو پێش بردووە.

ئەوەى لەئێستا ئەو ئیدارەیە بەرەو بەهێزى دەبێت رێکەوتنى لایەنە ناکۆکەکانى ناوخۆى رۆژئاواى کوردستانە کە لەم مانگەدا لەسەر بەڕێوەبردنى ئیدارەى کارگێری و سیاسى رێککەوتوون و تەنیا لە رووى سەربازییەوە ماوە بگەنە رێکەوتنى کۆتایی.

لاوازییەکانى ئیدارەى کوردى

لەماوەى ئەو چەند ساڵەدا خاڵى لاوازى کورد لەسوریا ناتەبایی و ناکۆکى ناوخۆیی بوو ئەویش لەنێوان دوو لایەنى سەرەکیدا کە"پەیەدە و پارتى" کە دوو بەرەى جیاوازیان لەژێر ناوى "تەڤدەم" و "ئەنەکەسە" پێکهێنا.

ئەو دوولایەنە ساڵى ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ دوو رێککەوتنیان بەناوى "رێکەوتنى هەولێر، رێکەوتنى دهۆک" واژۆ کرد، بەڵام هیچیان رێککەوتنەکەیان جێبەجێ نەکرد، بەڵام لەماوەى دوو مانگى رابردوودا گفتوگۆکانیان دەست پێکردووە و لە سەر هەردوو ئاستى سیاسى و کارگێڕی رێککەوتوون.

ئەم ناکۆکیانە زیانى زۆرى بە کوردستانی سووریا گەیاند بەجۆرێک تورکیا و سووریا بەردەوام وەک خاڵى لاوازى کورد بەکاریان دەهێنا، ئەوەش زیانى بەو ئیدارە ناجێگیرە دەگەیاند کە لە باکوورى سووریادا پێکهێنرابوو.

خاڵێکى ترى لاوازى ئیدارەى کوردى ئەو شەڕە ناپێویستە بوو کە لەناوچەکانى رەقە و دێرەزوور کردى لەکاتێکدا ئەو ناوچانە کوردى نین و ئەرکى دەوڵەتی سوریا بوو ئەو کارە بکات، بەو هۆیەشەوە نزیکەى ٦ بۆ ٧ هەزار شەڕڤان شەهید بوون.

هەروەها وەك چاودێران دەڵێن پەیەدە وەك حكومڕانی یەكەمی کوردستانی سووریا خۆی وابەستە كردووە بە پەكەكەوە و لەژێر رۆشنایی و سیاسەتەكانی پەكەكەدا حوكمی رۆژئاوا دەكات، ئەوەش وای كردووە توركیا بكاتە گەورەترین دوژمن و مەترسی لەسەر خۆی.

هەموو ئەمانە بوونەن لە لاوازبوونى ئەو هەرێمە کوردییە و خۆ سەرقاڵکردن بە شەرێکى لاوەکییەوە لەجیانى قایمکردنى پایەکانى دەسەڵاتى کورد لە کوردستانی سووریا، هەر ئەوەش وەک هۆکارێک سەیر دەکرێت بۆ هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکانی سووریا.

ڕاپۆرت: هێمن حەسەن

سەرچاوە: شارپرێس

News Code 190004

Your Comment

You are replying to: .
captcha