کوردپرێس:
مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە پڕۆسەی دانووستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا کردووە و دەڵێت: بۆ پێکهێنانی دیالۆگی نێوان لایەنە کوردییەکان هەوڵی خۆمان دەدەین. تا دوو مانگی داهاتوو لە ناوچەی جزیرە کۆنگرەی دیالۆگی کوردی بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بەڕێوە دەبەین."
بەپێی نووسراوی هاوارنیوز مەزڵووم کۆبانێ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە خەڵکانێک هەن هەوڵ دەدەن کورد بنێن بە ڕووتەکی یەکترەوە و هێزی سیاسی و سەربازی لە یەکتر داببڕن و زەبر لە کۆمەڵگەی کوردی بدەن. بەڵام ئێمە بە پێکهێنانی دیالۆگی نێوان لایەنە کوردییەکان هەوڵ دەدەین دژی بەرژەوەندیی تورکیا و سیاسەتی نکۆڵی کردن لە کورد بوەستین.
ناوبراو هەر لە وتەکانیدا ئاماژەی بە هێرشی سوپای تورکیا بۆ باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا کردووە و دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی تۆڕی سیخوڕیی خۆیەوە ئەو کارەی کردووە و هەوڵ دەدەین ئەو پیلانانەی تورکیاش پووچەڵ بکەینەوە.
Your Comment