کوردپرێس:
ئەڵدار مامدۆف ڕاوێژکاری سیاسیی پەرلەمانی ئەورووپا لە یادداشتێکدا تیشکی خستۆتە سەر هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی کوردەکانەوە و نووسیویەتی: لە ڕوانگەی ئەورووپییەکانەوە پێویستە سەروەریی خاکی وڵاتانێک وەک تورکیا و سووریا کە کوردەکان تێیاندا تووشی ڕووبەڕووبوونەوە پارێزگاریی لێبکرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەورووپا هاوشانی هاودڵییە جیهانییەکە بۆ کوردەکان سۆزی بۆ کرود هەیە و هەوڵیان بۆ دەدات.
ناوبراو لە یادداشتەکەیدا کە گۆڤاری ئەمریکەن کنزەرڤاتیڤ بڵاوی کردۆتەوە هۆشداریی ئەوەی داوە کە ئەگەر ناسەقامگیرییەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی کوردەوە بەردەوام بێت وڵاتانی ئەوروپی ناچار دەبن پەنابەرەکان قبووڵ بکەن و ئەوەش سەقامگیریی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەر مەترسی.
ڕاوێژکاری سیاسیی پەرلەمانی ئەورووپا جەختی لەوەش کردۆتەوە کە ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سیاسەتی دژەکورد و دوژمنانەی بەرانبەر بە کورد گرتۆتە بەر و پێویستە سیاسەتەکانی سنووردار بکرێت و ڕێگریی لێبکرێت.
مادۆمۆف جەختیشی کردۆتەوە کە کوردی عێراق و سووریا دەوری تایبەتیان بینی لە شەڕی داعش و ئەرکە لە سەر هەمووان کە دان بە مافەکانیاندا بنێن.
ناوبراو ئەوەشی دووپات کردۆتەوە کە نابێت ئەمریکا بە تەنیا و بە تاکلایەنە کەیخواییی پرسی کورد بکات بەڵکوو پێویستە ئەمریکا بە هاوشانیی ئەورووپا و وڵاتانی هەرێمی وەک عێراق و تورکیا ئەو مەسەلەیە یەکلا بکاتەوە. کێشەی کورد بە هاوکاری و هاوهەنگاویی وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر دەبێت و دەستوەردانی وڵاتانی بیانی بە مەودایێکی فراوانەوە هەرگیز پرسی کورد چارەسەر ناکات.
Your Comment