کوردپرێس:
جەبار یاوەر ئهمینداری گشتی وهزارهتی پێشمهرگهی حکوومەتی ههرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەبارەی هەنگاوەکانی کردنەوەی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش وتی: "لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق گفتوگۆمان کردووە و لە پەیوەندی بەردەوامین لەسەر سێ بابەتی سەرەکی کە بریتین لە ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھێڵی بەرگریی ھاوبەش لە ناوچەکانی دیالە، کەرکوک، مەخموور و مووسڵ".
وتیشی: "تا ئێستا دوو کۆبوونەوەمان کردووە، یەکێکیان لە دووی تەمووز و ئەوەی دیکەش لە 20ی تەمووز و لەسەر کۆمەڵێک لەو بابەتانە لێکتێگەشتنی ھاوبەشمان ھەبووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەوەی واژووی لەسەر بکەین، هەندێک شت لە سۆشیال میدیادا قسەی لەسەر دەکرێت، رەنگە ئەوانەی لێدوان دەدەن بەشدار نەبوون لە کۆبوونەوەکان و وردەکاری ناو کۆبوونەوەکان نەزانن، بە گشتی بەردەوامین لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ، رەنگە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ماوەیەکی نزیکدا هەبێت لەنێوان لیژنەی باڵای ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عیراق".
فەریق جەبار یاوەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی ناوەندەکانی هەماهەنگیی هاوبەش وتی: "ھەردوولامان ھاوڕاین لەسەر ئەوەی ھەماھەنگی توندوتۆڵ ھەبێت لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ کۆتایی ھێنان بە تیرۆریستانی داعش بەتایبەت لە ناوچەکانی خورماتوو، کەرکوک، ناوچەکانی مەخموور و مووسڵ، بەڵام ھەماھەنگی میکانیزم و ئالییەتی ھەیە و هەموو ئەوانەمان لە سێ خاڵ کۆکردووەتەوە، یەکێکیان دامەزراندنی ناوەندی ھەماھەنگیی لە نێوان ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگریی عیراق، یەکێکی دیکەیان بوونی ھێزی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، خاڵی سێیەمیش بابەتی ھێڵی بەرگریی ھاوبەش بە درێژایی ئەو ناوچانە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی وادەی رێککەوتنی کۆتایی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عیراق وتی: "ھێشتا نەگەیتشووینەتە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ئالییەتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە باسم کرد، بەڵام لێکتێگەیشتنی باش ھەیە دەربارەی زۆر لە خاڵەکان، پێویستە بۆ ھەموو ئەو خاڵانە رێوشوێنی گونجاو دابنێین ئەوکات رێککەوتنی نێوان هەردوولا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
باسی لهوهش كرد: "دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی داھاتوو هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام بێگومان کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن چونکە، بڕیار دراوە ھەموو مانگێک لیژنەی باڵا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و بێگومان کۆبوونەوەیەک لە بەغدا و کۆبوونەوەیەکیش لە هەولێر دەبێت".
Your Comment