کوردپرێس:
تەلەڤزیۆنی ڕووداو لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، شەوی سێشەمە 25ی ئابی 2020 فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندی بەهراڤیای سەر بە کۆمەڵگەی خانەسۆری ناوچەی شەنگال کردووەتەوە و بۆردومانەکەش قوربانیی لێکەوتۆتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانەکانی ئێوارەی دوێنیی فڕۆکەکانی تورکیا لە شنگال بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند بۆردوومانەکان قوربانی لێکەوتووەتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئاسمانی عێراقیان بەزاندووە، کاژێر 7ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە ئۆتۆمبێلی پیک ئاپی دەبڵیان لە گوندی بەهراڤای سەر بە کۆمەڵگەی خانەسۆری قەزای شنگال کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی سڤیل کوژران و شوفێری ئۆتۆمبێلەکەش رزگاری بووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق زیاتر روونیکردەوە، هاوکات ئەو فڕۆکانە شوێنێکیان لە گوندی بارەی سەر بە خانەسۆر کردووەتە ئامانج و زانیاریان لەبارەی ژمارەی قوربانییانی ئەو بۆردوومانە نییە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی تەندروستی بە خێرایی چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
هاوکات یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، جموجووڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەم دواییە لە ئاسمانی شنگال بەردەوام هەبووە و شەڕڤانانمان دەکەنە ئامانج.
خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنوونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 07:00ـی ئێوارە هێرشەکە کراوە و کوژراو و بریندار نییە.
بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنوونێ باسی لەوە کرد کە دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوێست وەربگرێت و نەهێڵێت تورکیا شنگال بکاتە ئامانج.
ماوەی 65 رۆژە تورکیا ئۆپەراسیونێکی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە و تاوەکوو ئێستا لە 16 خاڵی ستراتیژیدا هێزەکانی جێگیر کردووە.
هێزەکانی تورکیا بە قووڵاییی 30 بو 45 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە و بەھۆی ئەو ئوپەراسیۆنانەوە شەش کەسی سڤیل لە سنووری پارێزگای دھۆک شەھید کراون و پێنج گوندی سنووری ناحیەکانی باتیفا و دەرکار لە سنووری زاخو چۆڵ کراون و زیانی ماددی بەر دەیان هاونیشتمانیی ئەو ناوچانە کەوتووە.
Your Comment