تورکیا ئاوی لە 700 هەزار مرۆڤ بڕیوە/ تورکیا ئاوی کردۆتە چەکێکی سیاسی

بەشی سووریا- نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردی لە هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێس وتووە دەوڵەتی تورکیا ئاوی خورادنەوەی لە 700 هەزار هاووڵاتیی ناوچەی حەسەکە و شاری حەسەکە بڕیوە و ئەوەش تراژدیایێکی ئینسانیی لە ناوچەکە خولقاندووە.

کوردپرێس:

نۆرشان حسێن نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بڕانی ئاوی حەسەکە لە خۆرهەڵاتی سووریا کردووە کە گرووپە جیهادییەکانی سەر بە تورکیا بڕیویانە و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتووە: بڕینی ئاو لە هاووڵاتییانی بێ ئەخلاقییێکی هەرە گەورەیە کە تورکیا گرتوویەتیە بەر. تورکیا پەیڕەوی سیاسەتی کوشتنی جەماوەریی کوردی گرتۆتە بەر و بەتایبەتی هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر هەموو پێکهاتەکانی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا. تورکیا لە هەموو لایێکەوە دژی ئیدارەی خۆسەر دەستی کردووە بە کوشتن و هێرش کردن.

ناوبراو گوتیشی: دەوڵەتی تورکیا ئاوی خواردنەوەی لە 700 هەزار هاووڵاتیی ناوچەی حەسەکە بڕیوە و ئەوەش تراژدیایێکی ئینسانی دەخولقێنێت.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: گوشاری دەروونی و مەدەنیی زۆر دژی تورکیا لە جیهان دەستی پێکردووە و تەنانەت لە باری سیاسی و دیپڵۆماسییشەوە گوشار دەخرێتە سەر تورکیا بەام تا ئەم کاتەش تورکیا وازی لە کاری نامرۆڤانە نەهێناوە.

نۆرشان حوسێن دەشڵێت: نەتەوەیەکگرتووەکان سەرقاڵە بە دامەزراندنی لیژنەیێکەوە بۆ تاوتوێ کردنی بابەتەکە بەڵکوو بە گوشار خستنە سەر تورکیا مەسەلەکە چارەسەر بکات بەڵام تا ئەم کاتەش لیژنەکە بە کرداری کاری بۆ ئەو مەسەلەیە نەکردووە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: پێویستە ئەو لیژنەیە خێراتر دەست بە کارەکانی بکات و گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی تورکیا چوونکە هاووڵاتییانی ناوچەکە بەڕەوڕووی کارەساتێکی ئینسانی دەبنەوە.

نۆرشان حوسێن زیادیشی کرد: ئیدارەی خۆسەری کوردی هەوڵ دەدات چارەسەرێکی بنەڕەتی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە موحتاجی ئاوی فورات نەبێت.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: لە ئێستادا چەند بیرێکی قووڵ لە نێو حەسەکە کندراون و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەنە ئاستی وەبەرهێنان بەڵام ئەم بیرانە بەشی هەموو هاووڵاتییان ناکات چوونکە ئاوی حەسەکە بۆ خواردنەوە ناشێت.

News Code 189790

Your Comment

You are replying to: .
captcha