قوباد تاڵەبانی: دژی هەر پرۆژەیێکم ئازادی رادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەبارەی پڕۆژە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنییەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت بەتەواوی دژی هەر پڕۆژە یاسایێکم ئازادیی رادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی پڕۆژە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنییەوە رایگەیاند: "زۆر کەس نیگەران بوون لە ناوەڕۆکی پرۆژە یاسای میدیای ئەلەکترۆنی، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی و گەشبینییە، کاردانەوەی ئەو کۆمەڵە زۆرەی هاوڵاتی و میدیا و نووسەر و چالاکوانەکان بوو لەسەر ماف و ئازادییەکان، ئەمەش ئاماژەی کۆمەڵگایێکی زیندووە کە هاوڵاتیان ئامادە نین دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و گەردوونییەکانی خۆیان بن کە ئازادی و ئازادی رادەربڕین لە سەرووی هەموویانەوەیە".

لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت: "زۆرێک لەو رۆژنامەنووس و میدیاکارانەی قسەم لەگەڵدا کردوون، رەخنە و نیگەرانیی جدییان لە پڕۆژە یاساکە هەبوو؛ هێشتا لە هەرێمی کوردستان خاوەن دەستووری تایبەت بەخۆمان نین، هەروەها لەم خولەی پەرلەمان و حکوومەتیش بایی هێندە بارگرانی و کێشەی تەندروستی و ئابووری هەیە کە هەموو کاتی خۆمانی بۆ تەرخان بکەین".

ئەوەشی خستوەترەِوو: لەلایێکی تر راستییێکی حاشا هەڵنەگر هەیە ئەویش هەبوونی دۆخێکی ئاژاوە و ژەهراوییە لەناو میدیا و سۆشیال میدیا، بەجۆرێک تەشهیر و ناوزڕاندن و سووکایەتی کردن بووەتە دیاردەیێکی رۆژانە، بەڵام لەمەشدا سۆشیال میدیای سپۆنسەرکراو بەپارە و پولی سیاسی، بەرپرسیاری سەرەکین لەم دۆخە، ئەمەش دەرگایێکی تری گەندەڵییە.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەشی نووسیوە: رەنگە هەندێک کەس و لایەن پشتگیری یاسایێک بکەن کە کۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنێت، بەڵام بەندە لەگەڵ ئەوەی یەکێکم لە قوربانییەکانی دیاردەی تەشهیر و ناوزڕاندن و لە هەموو بۆنەیێکدا بەڕاست و چەپدا هەر ئامانجم، بەڵام بە تەواوی دژی هەر پڕۆژە یاسایێکم ئازادی رادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە، پێشموایە بۆشایی یاسایی باشترە لە دانانی یاسایێک کە دەرفەتی ئەوەی تێدا بەدی بکرێت لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانەوە خراپ بەکاربهێنرێت.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: یەکێک لە کێشەکانی پرۆژە یاسای نیوەچڵ، دەرفەت رەخساندنە بۆ خراپ بەکارهێنانی، هەروەها دروست کردنی مەترسییە لەسەر هاوڵاتیان کە زۆریان تەنها ئەکاونتەکانی خۆیان شک دەبەن بۆ دەردەدڵی، من کە خۆشبەختانە جگە لە پەیجی رەسمی خۆم، هیچ پەیج و ئەکاونت و میدیایێکم نییە و هەموو میدیای کوردیش بەهی خۆم دەزانم، پێموایە ئەگەر یاسایێک هەبێ بۆ سزادانی میدیا و سۆشیال میدیا ئەوە لە داهاتوودا بەشێوەیێکی سەرەکی بەرۆکی دەزگای بێ پشت و پەناکان دەگرێتەوە و کەناڵ و سۆشیال میدیای بەرپرسانی لێ پارێزراو دەبن، کەسیش دەستی بە پەیج و ئەکاونتی بێ ناونیشان و نهێنی ناگات".

ئەوەشی نووسیوە: لەم سۆنگەیەشەوە دەستخۆشی لە کشاندنەوەی پرۆژە یاساکە دەکەم تا ئەگەینە قۆناغی دەستوریی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، با لەبری یاسای میدیای ئەلەکترۆنی، پێکەوە کار لەسەر پڕکردنەوەی کەلێن و درزەکانی یاسا بەرکارەکانیتر بکەین وەک یاسای رۆژنامەگەری و یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنان ئامێرەکانی پەیوەندی کردن، کە ئەوەی دووەمیان زۆرجار بووەتە کێشەو بارگرانی بۆ نووسەر و میدیاکاران و لەبری یاسای رۆژنامەگەری بەو یاسایە زیندانی کراون، ئەگەر بۆشاییێکیش هەیە لەبارەی میدیای ئەلەکترۆنی دەکرێت لەئێستادا لەو دوو یاسایەدا بەپێی ستانداردەکانی دنیای کراوە چارەسەر بکرێت و جێگەیان بکرێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189737

Your Comment

You are replying to: .
captcha