بەپێی هەواڵی کوردپرێس، خالید شوانی، وەزیری هەرێم، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای زنجیرەیێک سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە و ١٢ جار گۆڕینەوەی پێشنیار و تێبینی، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، گەیشتنە دوا قۆناغ و ڕێککەوتنەکە راگەیاندرا.
خالید شوانی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە پڕۆسەی دانوسانەکە هەڵکشان و داکشانی زۆری بەخۆوە بینیوە، دانوسانێکی قورس و ئاڵۆز هەبووە و لە یەک کاتدا هەوڵەکانیان هەم بۆ دابین کردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام ڕێککەوتنەکە تاکوو ئیقرار کردنی یاسای بودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام دەبێت و قۆناغێکی نوێی دانوسان لەسەر بودجەی ۲۰۲۱ی عێراق دەست پێدەکەینەوە.
خالید شوانی باسیشی لەوە کردووە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکرێت. ڕێککەوتنەکە کۆمەڵێ مەلەفی تری وەک بابەتی چاودێری و وردبینی و میکانیزمی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک مەلەفاتی تری دارایی و ئابووری لەخۆوە دەگرێت.
باسیشی لەوە کردووە کە ڕێککەوتنەکە میکانیزمی مامەڵەکردنی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکان لەخۆوە گرتووە کە بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدرالی ژمارە ٦ی ساڵی ۲۰۱۹ دەبێت.
لە کۆتاییشدا سوپاسی هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کردووە کە هاوکار و پشتیوانیان بوون و سوپاسی هاووڵاتییانی کوردستانی کردووە لە بەرامبەر پشوودرێژییان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment