کوردپرێس:
بە بۆنەی هاتنەوەی 16ـی ئاب و یادی حەفتا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان مەسعوود بارزانی سەرۆکی حیزبەکە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "لەو یادەدا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و فرەلایەنی و ئاشتیخوازیی ناو خەڵكی كوردستان دەكەینەوە و ئەوە یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی پارتی كە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكانی كوردستان و ئاشتەواییی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانیان بپارێزێت."
بارزانی ڕاشیگەیاند: "لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، پارتی بە درێژاییی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی، خوازیاری دانوساندن و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیێكی ئاشتییانە و لێكتێگەییشتن بووە. لە ئێستایشدا جەخت لە پەیڕەوكردنی هەمان نەهج دەكەینەوە و هاوكات هەموو هەوڵ و تێكۆشانی پارتی بۆ ئەوە دەبێت كە لەگەڵ تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی تری كوردستان مافە دەستوورییەكانی خەڵکی كوردستان بچەسپێنێت و دژی هەموو بیرۆكە و عەقلییەتێك دەوەستێتەوە كە بیەوێ خەبات و قوربانیدانی خەڵکی كوردستان و شەراكەتی خەڵکی كورد لەناو دەوڵەتی عێراق پشتگوێ بخات. یانیش بیەوێ كیانی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی سەدساڵ خوێنی سەدان هەزار شەهید و فرمێسكی سەدان هەزار دایكە شەهیدە، لە مانا بەتاڵ بكاتەوە."
سەرۆکی پارتی پێی وایە مستەفا کازمی تێگەیشتنی لە دزی کورد هەیە و بەو پێیەش ئەو دەرفەتە هەیە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و هەردوولا بگەنە ئەنجامی باش. ئەو دەستوورەی كە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ كرابا ئێستا زۆرێك لەو گرفتانە نەدەبوون كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە.
بارزانی دووپاتی کردۆتەوە: "لە یادی حەفتا و چوارساڵەی دامەزراندنی پارتیدا ئەوە بە بیر خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەهێنینەوە كە پارتی زادەی یەكگرتوویی ئیرادەی خەباتگێڕانی كورد بوو. پارتی لە ئەنجامی ئینشیقاق و دووبەرەكی لە دایك نەبووە بۆیە پارتی هێما و ناوەندێكە بۆ یەكگرتن و یەكڕیزیی ئیرادەی خەڵکی كوردستان. هەر لەو سۆنگەیەوە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ برایەتی و ئاشتی و یەكڕیزی چوونكە بڕوای بەوەیە كە هەرچی سەركەوتن و دەستكەوتی كە بۆ خەڵکی كوردستان هەبووە لە سایەی یەكڕیزی و تەبایی و برایەتیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان هاتووەتە دی. داوا لە پارتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم كە بە گیانی برایەتی و بەرپرسیارانە بە یەكەوە كار بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحەددیات و گرفتانەی بوونەتە هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان."
ناوبراو لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچە و ناوچە جێناکۆکەکانیش ئەوەی زیاد کردووە کە "ڕاستە مووچە و ژیانی خەڵك زۆر گرنگە و دەبێ هەموو لایێک پێكەوە لە ڕێی چاكسازییێكی هەمەلایەنە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەوڵی چارەسەری كێشەكانی خەڵك و گوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان بدەن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گرفتی بنەڕەتیی تری وەك پڕەنسیپی شەراكەت و جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی 140 و پێشمەرگە هەیە و هەروەها سیاسەتی پاكتاوكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی، كە زۆر مەترسیدارە و قابیلی قبوڵ نییە. ئەمانە هەمووی ئەولەویەت و بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە و نابێ كێشەی خەڵکی كوردستان تەنیا لە مووچەدا كورت بكرێتەوە. پڕۆسەی تەعریبی ناوچە كوردستانییەكان كە لە سەددەی بیستەم دەستی پێ كردبوو بە داخەوە ئێستایش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. پێویستە ئەو پڕۆسە ستەمكارانەیە بە زووترین كات ڕابگیرێت و چارەسەری ئەو تەعریب و پاكتاوكردن و گۆڕینی دیمۆگرافییەش بكرێت كە پێشتر لەدژی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كراوە."
بارزانی ئاماژەی بە بوونی هێزە کوردییەکانی دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی عێراقیش کرد و ڕایگەیاند: "لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوایش لە هێزە سیاسییەكانی كورد لە پارچەكانی تر بكەم كە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و نەبنە هۆی ئەوەی زیان لە هەرێمی كوردستان بدرێت. چوونكە چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان ناتوانن تەحەمولی زیان و بوردومان و كێشەی تر بكەن. هەرێمی كوردستان خۆی گرفت و كێشەی تری هەیە و بەرگەی زیان و ئازاری زیاتر ناگرێت. بۆیە داوا لە وڵاتانی دراوسێ و هێزە كوردییەكان دەكەین ڕێز لە سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن و هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی ململانێێی خۆیان."
Your Comment