بڕیار درا 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچە لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنیدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێککەوتن و بڕیاردرا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.

کوردپرێس: بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەڕمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییێکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاووتوێ کرد.

لە هەواڵەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو.

ئاماژە بەوەش دراوە، لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لە سەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕێککەوتن و بڕیاردرا، بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیێک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت، هەروەها ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاڕاستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189715

Your Comment

You are replying to: .
captcha