بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردن رایگەیاند، بەشێکی زۆر لەو کوتلە سیاسییانەی دەنگیان بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان دابوو، ئێستا پاشگەزبوونەتەوە و داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن.
ناوبراو گوتیشی: کوتلە سیاسییەکان داوا دەکەن، ئەو ماددەیەی تایبەتە بە بازنەی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە. ژمارەی بازنەکان کەم بکرێنەوە، یاخود کار بە یاساکەی پێشوو بکرێت، کە هەر پارێزگایێک وەکوو یەک بازنە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا.
ھەر لەو بارەوە، بەدر زیادی، پەرلەمانتار لە کوتلەی سائیرون رایگەیاند، زۆربەی لایەنەکان دژی دابەش کردنی چەند بازنەیێکی هەڵبژاردنن لە پارێزگاکان و بەشێک لە کوتلە سیاسییەکانیش لەو بارەیەوە کۆکن.
لەلایێکی دیکەوە، پەرلەمانتار یونادم کەنا، رایگهیاند، 100 پەرلەمانتار داوایان لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە کۆبوونەوەیێکی بەپەلە سەبارەت بە "بازنەکانی هەڵبژاردن" بهڕێوهبچێت. بۆیە ئهگهری ئهوه له ئارادایه سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بانگھێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی.
پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019دا، یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان، ئەویش بڕگەی دیاری کردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە، کە بڕیارە لە ئاستی پارێزگاوە بچووک بکرێنەوە، بەڵام تائێستا لایەنە سیاسییەکان لەسە ئەو بڕگەیە رێکنەکەوتوون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment