کوردپرێس:
یەکێک لە رستە ناسراوەکانى شێرکۆ بێکەس کە لەدیدارێکى رۆژنامەنوسیدا وتبووی" مانگى ئاب لە کوردستان مانگى ئازارە" شێرکۆ خۆشى هەر لەمانگى ئابدا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد وەک ئەوەى بڵێیت هەمیشە لە ئاب ترسا بێت.
ئەمڕۆش ٤ى ئاب کوردستان یادى شاعیرێک دەکاتەوە کە هەزاران لاپەڕەى لە شێعرو چیرۆک و پەخشان هەزاران خەم و ئازارى لە دوو توێى چەندین کتێبدا بۆ کوردو کوردستان نوسینەوە.
شێركۆ بێكەس كوڕی شاعیری ناسراوى كورد فایەق بێكەسە و لە ساڵی 1940 لەگەڕەکى گاورانى سلێمانی لە دایكبووە، هێشتا منداڵ بوو باوکى ماڵئاوایی لە ژیان کرد ئەوەش بارى سەرشانى ئەو شاعیرەى قورس و ناڕەحەت کرد، دواى ماوەیەک لە شووکردنەوەى دایکى ئیتر ئەوەندەى تر شێرکۆ بێکەس تەنیا کەوت و کەوتە ژیانێکى پڕ لە دەردی سەرییەوە.
ئەو ژیانە قورسە هەرگیز نەبووە رێگر لەبەردەم ئەو خەونە گەورەیەى بێکەس هەیبوو کە ئەویش شێعر بوو، شێرکۆ لەگەڵ ئەوەى لەسەر میراتى ئەدەبى باوکى رۆنیشت، بەڵام برەودان بە تواناى خۆی و کۆڵنەدانی ئەو شاعیرەى گەیاندە لوتکەى ئەدەبى کوردى بەو ئاستە بەرزەش لە ناو دوونیاى ئەدەبدا سەرى نایەوە.
وەک لە دیمانەکانیدا باسى کردوە شێرکۆ لەسەر خواستى باوک و دایکى ناوی نراوە شێرکۆ کە کەسایەتیەکى ئاینى کورد بووەو برای سەلاحەدینى ئەیوبى بووە، هەر ئەو هەستە ئاینییە بوو واى لەخانەوادەکەى کرد ناوى بنێن شێرکۆ.
میراتە ئەدەبی و نەتەوەیی و نیشتیمانە پەروەرییەکەى باوکى هەر زوو لە مێشک و دەروونى شێرکۆدا پەنگ دەخوات دەبێتە سەرچاوەى ئیلهامى ئەو ئەدەبە گەورەیەى ئەوەى گەیاند بە لوتەکەى شێعرى کوردى، ئەویش شاعیرى نەتەوەو خۆشەویستى و دڵدارى بوو شاعیرى بەرگرى و هەژاران بوو.
یەکێک لە هەرە ناوە دیارەکانى شیعر و ئەدەبى کوردى پاش ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا و دواى نیو سەدە لە خزمەتکردن بە ئەدەب و زمان و فەرهەنگ و کەلتور و رەسەنایەتی وشەی کوردی، ماڵئاوایى کرد.
بەختیار عەلى نوسەرو رۆشنبیرى ناسراوى کورد لەبارەى شێرکۆ بێکەسەوە دەلێت، پێویستە شێرکۆ بێکەس ببەخشینەوە بە هێڵە جاویدانیەکەى خۆی و دەریهێنین لەناوە بچووکەکان کاتە بچووکەکان،چونکە شێرکۆ، شێعرى شێرکۆ بۆ کات و شوێنکى دیاریکراو نییە، بەڵکو شێعرێکى گەردوونی و جیهانییە کاری ئێمەیە ئەو روحە گەردونییەى تیایدا بەرجەستە بکەین".
بەختیار عەلى دەشلێت، شێرکۆ بێدەنگییەکى گەورەى بەجهێشت، چونکە خۆى گەردەلولێکى شێعرى بوو، ئەو شوێنەی ئەو ئێستا چۆڵەو خاڵێکى رەشە، وەک کپییەکى قوڵە، خۆى شێرکۆ شۆرشێک بوو دژ بەو بێدەنگییە،شێرکۆ رۆیشت دیسان بێدەنگییە دیسان ئەو خاڵە رەشە گەورە تر بووە".
ئەو نوسەرە ناسراوەى کورد هەر لەبارەى شێرکۆوە باس لەوە دەکات، مردنى شێرکۆ رووداوێکى گەورە بوو وەک چۆن ژیانیشى رووداێک بوو،پێشیوایە جیهانى پێش شێرکۆ هەمان جیهانى دواى ئەو نییە و جیاوازە.
شێرکۆ یەکەم بەرهەمى خۆی بەناوى "تریفەى هەلبەست" لە ساڵی ١٩٦٨ یەکەم دیوانی خۆی بە ناوی بڵاوکردوەتەوە.
دواتر لەلایەن رژێمی بەعسەوە دوچاری دورخستنەوە لە نیشتیمان دەبێتەوە، بەڵام ئەوە ناتوانێت شێرکۆ و بەرهەڵستکاری لەیەک دابڕێت، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشودا، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا گروپێکى ئەدەبى پێکدەهێنن کە بە "گروپی روانگە" ناسراوە لەو کاتەوە دەستیانکرد بە گۆڕانکارى و نوێکردنەوەى شێعرو ئەدەبى کوردى.
بەهۆى هەستە نیشتیمان پەروەرى و نەتەوەییەکانییەوە شێرکۆ دواى گەڕانەوەى لە باشورى عێراق پەیوەندى بە شۆڕشى کردەوە دەکات بەشدارى لە هەردوو شۆرشى ئەیلولەوە کرد، ساڵانى دواتریش کە یەکێتى دروست بوو پەیوەندى بە شۆڕشى نوێوە دەکات، ئەو بەشداریکردنەى ئەو بەشداریەکى شۆڕشگێڕانە دەبێت نەک وەک ئەندامى یەکێتى نیشتیمانى کوردستنان.
شێرکۆ بێکەس خاوهنی زیاتر ٣٠ كتێبی شیعرییه بهشێك له شیعرهكانی وهرگێڕاون بۆ زمانهكانی "عهرهبی و توركی و فارسی و ئینگلیزی و سویدی و دانیماركی و فهرهنسی و ئیتاڵی و ئهڵمانی و ههنگارى و لە چەند ولاتێکیش شێعرەکانى وەک پڕۆگرامى خوێندن خراونەتە پڕۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆو قوتابخانەکانەوە.
لەدواى چەند ساڵێک بەسەربردنى ژیان لە ئەوروپا و لە راپەرینى ١٩٩١ وە دەگەرێتەوە پەرلەمانى کوردستان، لەیەکەم ئەزمونى حکومڕانى کوردى دەبێتە پەرلەمانى کوردستان و دواى ماوەیەکیش دەکرێتە وەزیرى رۆشنبیرى، بەلام لەدواى داخستنى رۆژنامەیەکى پەکەکە بەهۆى نیگەرانى لەو کارە دەستى لەکارکێشایەوە بۆ یەکەم بەرپرسى کورد لە حکومەتى خۆماڵیدا دەستى لەکارکێشابێتەوە.
شێرکۆ ئەو ساڵانەى لە کوردستانیش دوور بوو هەرگیز بێدەنگ نەبووە و بەردەوامە هەڵویستى نیشتیمانیانەى خۆى لەسەر رووداوە خۆش و ناخۆشەکانى ناو کوردستان دەربڕیوە، لە فیستیڤاڵ و بۆنەو کۆڕو سیمینارەکاندا بەشدار بووە، خۆشى سەدان کۆڕى شێعرو دانیشتنى بۆ ئەنجام دراوە، هەروەها لە ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکاندا تایبەت بە داوکارییەکانى خەڵک و خوێندکاران و مامۆستایان و چین و توێژەکانى تر بەشدارى کردوەو هەمیشە دەنگى دلێر بووە.
لە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات یەکێکە لە رووخسارە دیارەکانى ئەو خۆپیشاندانەو هەر لە رۆژانى یەکەمەوە بە شێعرەکانى پشتیوانى لە ماف و داخوازییەکانى خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان دەکرد لەو کاتەشدا جوانترین شێعرى بۆ خۆپیشاندەران خوێندەوە کە بریتیى بوو" لەناوتاندام.. لەگەڵتاندام.. لەریزتانم" کە رۆژانى دواترى خۆپیشاندانەکان ئەو شێعرە لەسەر زارى خۆپیشاندەران دەوترایەوە.
بەشداریکردنى لەو خۆپیشاندانە ٦٢ رۆژییەو پشتیوانیکردنى لە داخوازییەکانى خەڵک وایکرد جارێکى تر دەسەڵاتى کوردى دڵى ئەو شاعیرە بشکێنێت کاتێک ئاسایشى سلێمانى رێگەى نەدا کۆرێکى شێعرى بێکەس لە تەلارى هونەر بەرێوە بچێت و هۆڵەکەى بەرووى شێرکۆو هەزاران هەوادارى ئەو شاعیرەدا داخست کاتێک ویستى نوێترین بەرهەمى خۆی بەناوى "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" پێشکەش بکات.
دواى زیاتر لە ٤٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانە بۆ گەلەکەى لەرێى قەڵەمەکەیەوە ئێوارى رۆژى ٤ى ئابى ٢٠١٣ بەهۆى نەخۆشیی شێرپەنجەى دڵەوە لە سوید بۆ هەمیشە وشەو قەڵەمەکەى لەنوسین کەوت و بۆ ئەبەد چاوکانى لێکنا.
پرسەنامەو هاوخەمییەکانى وڵاتان و کەسایەتییە دیارەکانى دونیاى ئەدەب و سیاسى و بوارەکانى تر بۆ کۆچى ئەو شاعیرە دەریخست کە شێرکۆ تەنیا موڵکى کورد نەبووە، بەڵکو شاعیرێکى جیهانى و مرۆڤایەتى بووە، هاوکات میدیاکانى جیهانیش بە گرنگییەوە باسیان لەو شاعیرە کردوو هەندێکیان بە شاعیرى بەناوبانگى جیهانیان "نێرۆدا"ى دەچواند.
شێرکۆ بێکەس بەر لە مردنى و لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەنسیدا وەسێتنامەیەکى نوسى کە دواى مردنى جێبەجێ بکرێت، بەڵام هێشتا وەسێتنامەکەى بەتەواوى جێبەجێ نەکراوە.
دەقى وەسیەتنامەی (شێركۆ بێكەس)
” من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم
با كتێبخانەكەمو دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم.
*لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆ کراوەتەوە
Your Comment